لە شارباژێڕی سلێمانی

رەنگە ئەم ژنە کوردە بەتەمەنترین مرۆڤی سەر زەوی بووبێت

964+
دیلان محەمەد جەزا

خاتوو عاسیمە عەلی ژنێکی خەڵکی شارباژێڕی سلێمانی بوو، بە قسەی بنەماڵەکەی تەمەنی 123 ساڵ بووە و ئەمڕۆ دووشەممە گیانی لەدەستدا.

قادر کە کوڕی خاتوو عاسیمەیە بە 964ـی وت، بەگوێرەی ناسنامەکەی، دایکی لە رۆژی 1ـی تەمموزی 1900 لەدایکبووە.

کەسوکارەکەی دەڵێن، هۆکاری مردنەکەی ئاسایی بووە.

باس لەوەش دەکەن، خاتوو عاسیمە برایەکی لە ژیاندا ماوە کە چوار ساڵ لە خۆی گەنجترە، واتە لە 1904 لەدایکبووە.

964 تێدەگات ساغکردنەوەی ساڵی لەدایکبوونی ئەو خاتوونە و براکەی هەروا ئاسان نییە، چونکە بەڵگە هەن کە بەرواری بەشێک لە ناسنامە عێراقییەکانی سەدەی بیستەم بە تەواوی دروست نین.

ئەگەر بێت و ئەو ساڵی لەدایکبوونە راست بێت، ئەوا خاتوو عاسیمە دەبێتە بەتەمەنترین مرۆڤی سەر زەوی کە زیندوو بووبێت.

بەتەمەنترین مرۆڤی سەر زەوی کتێبی گینس تا ئێستا ناوی تۆمارکردبێت، بریتیە لە ژنێکی فەرەنسی بەناوی ژان لوس کاڵمنت کە لە ساڵی 1997 و لە تەمەنی 122 ساڵیدا گیانی لەدەستداوە.

هەروەها ئەگەر بێت و تەمەنی براکەی خاتوو عاسیمە کە هشتا لە ژیاندا ماوە یەکلاببێتەوە کە دروستە و 119 ساڵە، ئەوا دەبێتە بەتەمەنترین مرۆڤی سەر زەوی، چونکە حاڵی حازر کتێبی گینس ژنێکی ئەمریکی-ئیسپانی کە تەمەنی 115 ساڵە بە بەتەمەنترین مرۆڤی سەر زەوی ناساندووە بەناوی ماریا برانیاس.