قەڵادزێ پەرێشانە
زیاتر لە مانگێکە ئێران ئاوی زێی بچووکی گرتووەتەوە
964+
محەمەد عەلی – قەڵادزێ
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما ئێران ئاوی زێی بچووک دەگرێتەوە و بەمەش ناوچەکە رووبەڕووی کەمئاوی دەبێتەوە.
زیاتر لەمانگێکە ئێران ئاوی زێی بچوکی گرتووەتەوە، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەمجارەیان درێژترین ماوەیە کە ئێران ئاوی زێی بچووکی گرتووەتەوە و مانگێکی تێپەڕاندووە.
درەنگ کەوتنی بەردانەوەی ئاو لەلایەن ئێرانەوە، کاریگەری هەبووە بۆ پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێی و کشتوکاڵ و پڕۆژەکانی حەوزی ماسی و زیانی بە ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە.
مارف مەحمود بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ بۆ 964 وتی، “لە 13.8-ەوە ئێران لەرێگەی بەنداوی کۆڵەسەوە ئاوی زێی بچووکی گرتووەتەوە و لە رۆژهەڵاتەوە هیچ ئاوێک بۆ باشووری کوردستان نایەت و گرفتی بۆ سنورەکە دروست کردووە”.
بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ دەڵێت، ئەو بڕە کەمە ئاوەی کە هەیە تەنیا سەرچاوەکانی ناوخۆیە و ئێستا تەنیا سوود لەو بڕە دەبینین بۆ ئاوی پڕۆژەی خواردنەوەی قەڵادزێ لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، ئەمساڵ درێژترین ماوەیە کە ئێران ئاوی زێی بچوکی گرتۆتەوەو مانگی تێپەڕاندووە”.
بۆ چارەسەری ئەم گرفتە مارف مەحمود دەڵێت، “بەربەستی کاتیمان لەبەردەم پەمپی پڕۆژەکان دروستکردووە بۆ ئەوەی ئاو گلبدرێتەوە، بەڵام ئەمە چارەسەرێکی کاتییە، بۆ چارەسەری بەردەوام دەبێت لەگەڵ لایەنی ئێرانی دانوسان بکرێت”.
پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ %95 ئاوی خواردنەوەی شارەکە دابیندەکات و پڕۆژەکە توانای خەزنکردنی 20 ملیۆن لیتر ئاوی هەیە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی