خەڵکی گەڕەک بینیویەتی

لە داقووق چەکداری ئەفغانی بینراون

964+
سیروان خورشید

بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکی خۆرزی داقووق دەڵێن، درەنگانی شەوی رابردوو “دوو چەکداری ئەفغانی”یان بینیوە، پۆلیسی قەزاکەش دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە.

هێزە ئەمنییەکان بۆیان دەرکەوتووە، دوو چەکدارەکە بەرەو چەمی رووخانە رۆیشتوون لە سنورەکە.

بۆ زانیاری زیاتر، 964 پەیوندی بە عەقید عەباس عەلی بەڕێوەبەری پولیسی داقووق کرد، ئەو وتی سوپای عێراق ئاگاداری کردوونەتەوە کە بۆ ئەو بابەتە خۆیان چاودێری چڕ دەستپێدەکەن.

هاوکات، سەرچاوەیەک لەناو هێزەکانی سوپای عێراق بە 964ـی وت، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە لە قەزای داقووق گەڕان و پشکنینی چڕ دەستیپێکردوە لەلایەن سوپای عێراقەوە بۆ بەدەستهێنانی سەرەداوێک و دۆزینەوەی چەکدارەکان. ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشی کرد، لە کامێرای چاودێرییەوە بینراون چەکدارەکان بەرەو چەمی رووخانە رۆشتوون.

چەمی رووخانە دەکەوێتە باشوری قەزای داقووق بە دووری پێنج کیلۆمەتر، ئەو شوێنە مەترسی داعشی لەسەرە و جار نا جار چەکداری نەناسراوی تێدا دەبینرێت.