وەزارەتی پەروەردە بۆ قوتابخانەکان: بۆ یەکپۆشی فشار لە قوتابیان مەکەن
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
بۆ ئەمساڵی خوێندن ئاسانکاری لە یەکپۆشی ناوەندەکانی خوێندنی حکومی دەکرێت، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم دەڵێت، بۆ ئەو مەبەستە فشار لە قوتابیان مەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 6.9.2023، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوسراوێکی ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە کرد و داوایان لێدەکات، لەکاتی پابەندنەبوونی قوتابی بە یەکپۆشی فشار نەخەنە سەر قوتابیان و ئاسانکاریان بۆ بکەن.
“هیچ ناوەندێکی خوێندنی حکومی نابێت لێکدانەوەی شەخسی بکەن بۆ ئەم بابەتە و نابێت رێگە بگرن لە ئامادەبوونی قوتابیان لە دەوامکردن بەهۆی جێبەجێنەکردنی تەواوی سیستەمی یەکپۆشی”، وەزارەتی پەروەردە وا دەڵێت.
نوسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە، واژوی رەگەز رەشید، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتەکەی لەسەرە و دەڵێت، “بە لەبەرچاوگرتنی باری گوزەرانی هاوڵاتیان” ئەم بڕیارە دراوە.