ئەو رێگایانەی بۆ گوندەکانی دەربەندیخان دەچێت چاکسازیان تیا دەکرێت

964+

هونەر فارس – دەربەندیخان

تیمێکی رێگاوبان خەریکی چاکسازین لە رێگای گوندەکانی دەربەندیخان، ئەمەش وەک ئامادەکاری بۆ هاتنی وەرزی باران بارین.

چاکسازیەکە لەرێگەی تیمی رێگەوبانی سلێمانیەوە ماوەی 10 رۆژە بەردەوامە و هەریەک لە گوندەکانی زمناکۆ، مۆرتکە، بانیبۆڵان و ناوچەی تاوگۆزی دەگرێتەوە.

سلێمان محەمەد قایمقامی قەزای دەربەندیخان، بۆ 964 وتی، چاکسازییەکان بریتین لە تەختکردنی رێگاکان و ئاوڕشێن و کوتانەوە و پڕکردنەوەی ئەو چاڵ و چۆڵیانەی کە لەوەرزی زستاندا بەهۆی بارانەوە دروستدەبن.

ئەو بودجەی بۆ چاکسازی رێگەکان تەرخانکراوە بریتیە لە 16ملیۆن دینار و لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆتایی بە ئیشوکاری تیمەکە دێت، ئەمەش هەر بەوتەی قایمقامی دەربەندیخان.

964 دەزانێت، بەشی سەرەکی رێگەی ئەو گوندانەی دەکەونە سنوری قەزای دەربەندیخانەوە گڵن و ساڵانە لە وەرزی باران باریندا بەهۆی دروستبونی لافاوەوە تێکدەچن و دەبێت لە هاویندا چاکبکرێنەوە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی