ئەمساڵ 600 هەزار نەمام لە کوردستان چێندراون
964+
پێشەوا محەمەد
بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکرای دەکات، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 600 هەزار نەمام لە هەرێمی کوردستان چێندراون.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتەکە، رووبەری دارستانی هەرێم دوو ملیۆن و نیو دۆنم زەوییە. شەش ملیۆن دۆنم زەوی پاوان و شەش ملیۆن دۆنم زەوی داچێندراویش لە کوردستان بوونیان هەیە.
هەڵکەوت عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی باخداری و دارستان و پاوان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، ئەو دارستانانە گرنگییەکی ئێجگار زۆریان بۆ کوردستان و ژینگەکەی هەیە و وەزارەتی کشتوكاڵ بە گرنگییەوە لێیان دەڕوانێت.
وتیشی، “چاندنی ئەو نەمامانە بۆ زیادکردنی ئەو رووبەرە دارستان و سەوزاییەیە کە لە بەرنامە یەکەمینەکانی وەزارەتی کشتوکاڵدایە”.