ژمارەیەک ئاوارەی دیکەی شەنگال گەڕانەوە زێدی خۆیان
964+
فەهمی نەبی
بەر لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، گەڕانەوەی 179 ئاوارەی دیکەی ئێزدی لە کەمپەکانی دهۆکەوە بۆ شەنگال راگەیاند.
بەگوێرەی پلانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی حکومەتی عێراق، دەبێت تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەمی هەموو ئەو کەمپانە لەسەرانسەری عێراق هەن دابخرێن بەوانەی هەرێمی کوردستانیشەوە کە ژمارەیان 26 کەمپە.
هەفتەی پێشوو وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی حکومەتی عێراق بە 964ی راگەیاندبوو، لەگەڵ ئەوەی پرۆسەی گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ زێدی خۆیان بەردەوامە، بەڵام هێشتا %20 بۆ %25ی ئێزدییەکان گەڕاونەتەوە، ئەوانی دی یان لە کەمپەکانن، یانیش کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات.
لە هەرێمی کوردستان 26 کەمپی ئاوارە و پەنابەران هەن، 16یان لە دهۆک، شەشیان لە هەولێر و چواریان لە سلێمانین، ئەو ئاوارانە لە ساڵی 2014 لەگەڵ هاتنی چەکدارانی رێکخراوی داعش بۆ ناوچەکانیان زیاتر لە 90 هەزار خێزانیان ئاوارە بوون.