دووسبەی دوامۆڵەتە

ئەوە نەما بە دڵی خۆت کرێکار لە دەرەوە بێنیت

+964

دیلان محەمەد جەزا

ماوەی دوو مانگ دیاریکرا بۆ سەرجەم کۆمپانیا و کارگەکانی هەرێمی کوردستان، دەبێت لە 75% کرێکارەکانیان ناوخۆیی بێت و تەنها25% کرێکارەکانیان بیانی بێت، سەرەتای مانگی داهاتوو ئەو وادەیە تەواو دەبێت و لێپرسینەوە دەکرێت.

چالاک رەئوف سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی سلێمانی بە 964 وت، لە رۆژی 1.9.2023 ماوەی ئەو دوو مانگە تەواو دەبێت بۆ کۆمپانیا وکارگەکان، کە دەبێت 75% کارمەندەکانیان ناوخۆیی بێت و 25% بیانی بێت.

سەرجەم کارگە و کۆمپانیاکان ئاگادار کراونەتەوە، لە 1.9 ەوە لیژنەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بەکارخستن و سەندیکای کرێکاران دەگەڕێن، هەر شوێنێک پابەند نەبێت سزا دەدرێت.

لە کاتی سەردانی ئەو کۆمپانیایانە بۆ مەبەستی ئەستۆپاکی لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، دەبێت پابەندبن بە سەرجەم رێنماییەکان، پاشان ئەستۆپاکی بۆ دەکرێت.

لە کاتی پابەندنەبوون، سەرەتا ئاگادار دەکرێتەوە کۆمپانیاکە، بۆ جاری دووەم سزا دەدرێت بە پێبژاردن، بۆ جاری سێیەمیش لە کار دەوەستێنرێت، ئەمە قسەی چالاک رەئوفە.

سەرۆکی سەندیکای کرێکاران باسی لەوەش کرد، سەرجەم ئەو کرێکارانەی لە کۆمپانیا و کارگەکان کار دەکەن، تۆمار کراون، تەنیا ئەو کرێکارانە نەبن لە بواری بیناسازی رۆژانە کار دەکەن، بۆیە چاودێریکردنی دۆخی ئەوان قورسە.

بە پێی زانیارییەکانی 964 ئەو بڕیارە سەرجەم کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت دەگرێتەوە، ئەوانەشی کە لە دەرەوەی هەرێمەوە هاتوون و کاردەکەن.

پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دەرکردووە، دەبێت کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت رێژەی کارمەند و کرێکارەکانیان 75% ناوخۆیی بن و 25% ی دەرەوە بن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا