کۆڵانی گەنمفرۆشان دەبێت چۆڵی بکەن
+964
هونەر فارس – گەرمیان
شارەوانیی کەلار بە نوسراوێکی فەرمی، بەشێک لە دوکاندارانی کۆڵانی گەنمفرۆشانی کەلار ئاگادار دەکاتەوە، لە ماوەی سێ رۆژدا دوکانەکانیان رادەست بکەنەوە، دوکاندارەکانیش دەڵێن بەو بڕیارە رازی نابین.
بە نوسراوێکی فەرمی، کە رێکەوتی ١٤ ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ی دەرچووە و واژووی سەرۆکی شارەوانی کەلاری لەسەرە، بەشێک لە دوکاندارانی کۆڵانی گەنمفرۆشانی کەلار ئاگادارکراونەتەوە، لە ماوەی سێ رۆژدا دەبێ دوکانەکانیان رادەست بکەنەوە.
عەلی ئەحمەد دوکاندارە و به 964+ وت، “ماوەی ٢٠ ساڵە لەو کۆڵانە دوکانی فرۆشتنی ئاردم هەیە، رزقی ماڵ و منداڵەکانمی لەسەرە، نیگەرانم لە بڕیارەکەی شارەوانی”.
وتیشی: “چۆن بتوانم لە ماوەی سێ رۆژدا دوکانەکەم رادەست بکەمەوە، کە هیچ شوێنێکی دیکەمان نەبێت”.
ستار محەمەد میوەفرۆشە، ئەویش نیگەران بوو لە بڕیارەكه “ماوەی ٢٠ ساڵە کاری میوەفرۆشی دەکەم، لێرە دەرمان دەکەن، هیچ دوکانێکمان دەستناکەوێت، ئەو بڕیارە هیچ لە بەرژەوەندیی ئێمە نییە، بۆیە رازی نابین تا ئەوکاتەی شوێنێکی باشترمان بۆ دابین دەکەن”.
کۆڵانی گەنمفرۆشانی کەلار، ژمارەیان نزیکەی ٢٦٣ دوکان دەبێت، بەشێکیان دوکانی فرۆشتنی گەنم و ئاردە و بەشێکی دیکەی دوکانی فرۆشتنی سەوزە و میوە و جلوبەرگ و دەلاکی و فرۆشتنی باڵندەش لەخۆدەگرێت.
بەپێی زانیارییهكانی 964+، شارەوانی کەلار دەیەوێت لە بەشی پشتەوەی ناوچەی پیشەسازیی کەلار، قەرەبووی ئەو دوکاندارانە بکاتەوە.
ئەکرەم ساڵح، سەرۆکی شارەوانی کەلار به 964+ی وت، بڕیارەكه لە لایەن وەزارەتی شارەوانییەوە دەرچووە، پێویستە ئەو دوکانانە چۆڵی بکهن، لە ناوچەی پیشەسازیی شوێن بۆ قەرەبووکردنەوەیان ئامادەکراوە، ژمارەیان ١٦٢ دوکانە”.
ئێستا ١٠ لەو دوکاندارانە ئاگادارکراونەتەوە، دوکانەکانیان رادەست بکەنەوە، بە گوێرەی زانیارییەکانی 964+ چۆڵکردنی دوکانەکان بە قۆناغە و هەر قۆناغێک ١٠ دوکان لەخۆدەگرێت، بڕیاریشه شارەوانی کەلار ئەو شوێنە بکات بە پارک.