ئەگەر هەڵامەتت هەیە ئەم دەرزیانە بەکارمەهێنە

964+
فەهمی نەبی – هەولێر

شەپۆلێکی فراوانی ئەنفلەوەنزای وەرزی بڵاوبووه‌تەوە، پزیشکانی پسپۆڕ هۆشداری لە بەکارهێنانی تێکەڵەی دەرزی (Dexamethasone و Voltaren ) دەدەن، کە بە رێژەیەکی بەرز لەلایەن هاونیشتیمانیانه‌وه‌ بەکاردێت.

لەو بارەیەوە دكتۆر شێروان رەحمان بە +964 ی وت: “گرووپێک دەرمان هەیە پێیان دەوترێت (ستیرۆیدەکان)، ئەمانە پێیان دەوترێت (چەکی دوو سەرە)، لە هەندێ حاڵەتدا نابێ بەکاربێن، بەڵام لە هەندێ حاڵەتی دیكه‌، لەپێناو رزگارکردنی گیانی نەخۆش بەکاری دەهێنین، به‌ڵام هیچ دکتۆرێک بۆی نییە لەخۆیەوە بەکاری بهێنێت”.

964+ زانیویەتی لە عیاده‌ و كلینكی لا کۆڵانەکان، جۆرێک دەرزی بۆ نەخۆش بەکاردەهێنرێت، تێکەڵەی هەردوو دەرزی (Dexamethasone و Voltaren)ن، لەبارەی کاریگەرییەکانی ئەم دەرزیانە، دكتۆر شێروان دەڵێت: “ئەوەی بەکاردێت ناوی لێنراوە تێکەڵە، نەخۆش بۆ ماوەیەکی کاتی هەست بە باش بوون دەکات، به‌ڵام گرفتەکانی زۆر زۆرن، نەخۆش هاتووه‌تە لام وتویەتی ٢٠ دەرزیم بەکارهێناوە سوودم نەبینیوە، هەموو سەرچاوە پزیشکییەکان دەڵێن کاریگەریی بۆ برینی گەدە و فشاری خوێن و شەکرە هه‌یه‌، لە سەرووی هەموویانەوەش بەرگریی له‌ش دادەبەزێنێت”.

“ئەو ئەنفلەوەنزایەی ئێستا بڵاوبووه‌تەوە پێی دەوترێت ئەنفلەوەنزای (Type A) باشترین چارەسەر بۆی وەرگرتنی پشووە، دواتر خواردنەوەی ئاوی زۆر، بەڵام دوای قورسبوونی حاڵەتەکە دەکرێت پاراسیتۆل بەکاربێت، دواتر دەرمانەکانی دژە باکتریا” دكتۆر شێروان وای وت.

دوای قورسبوونی حاڵەتەکە دەکرێت پاراسیتۆل بەکاربێت

بەشێک لە دەرمانخانەکان جگە لە پێدانی دەرمان بە نەخۆش، کاری دەرزیلێدان و کانۆلا هەڵواسینیش دەکەن، سەبارەت بە یاسایی بوونی ئەم کارە، دكتۆر رەنج محه‌مه‌د سەرۆکی لقی هەولێری سەندیگكی دەرمانسازان بۆ 964+ وتی: “لەسەر ئەم کارە، لە ماوەی ئەمساڵدا زیاد لە پەنجا دەرمانخانەمان سزا داوە”.

بەپێ ی یاسای ژمارە٨ی ساڵی ١٩٩٩ی سەندیكای دەرمانسازان، کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، تەنیا دەرمانساز بۆی هەیە دەرمان بدات بە نەخۆش، بەڵام سەرنج دراوە لە عیادەی لا کۆڵانەکان، جگە لە دەرمانپێدان، لیستی چارەسەری دەرمانیش بۆ نەخۆش دەنوسرێت.

دكتۆر رەنج ده‌ڵێت: “ئەو یاسایە وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت، ئەو عیادانە تەنیا بۆیان هەیە کاری برینپێچی یان کاری سەرەتایی بکەن، ئەوە وەزارەتی تەندروستی لێی بەرپرسە”.

ساڵانە لەگەڵ دەستێکی وەرزی زستان، شەپۆلی ئەنفلەوەنزای وەرزی (هەڵامەت) بڵاو دەبێتەوە، پسپۆڕانی پزیشکی هۆشداری لە به‌کارهێنانی دەرمان دەدەن، به‌ تایبه‌تی بە رێژەیەکی زۆر.