غەسلی گورچیلەی قەڵادزێ تەواوبووە و چاوەڕێی هاتنی وەزیرە

964+
ژووری هەواڵ

دوای ئەوەی بەشی غەسلی گورچیلە لە نەخۆشخانەی قەڵادزێ لەلایەن خێرخوازێکەوە دروستکرا، قایمقامی پشدەر دەڵێت، چاوەڕێی هاتنی وەزیری تەندروستین تاوەکو بە فەرمی بکرێتەوە و و خزمەت بکات.

964 دەزانێت، باڵەخانەی بەشەکە و ستافەکەی بەتەواوی ئامادەن.

دەنگۆ بڵاوکراوەتەوە کە بەهۆی نەخۆشکەوتنی بەکر بایز قایمقامی قەزای پشدەر کردنەوەی ئەو بەشە دواکەوتبێت، بەڵام قایمقام رەتیدەکاتەوە.

قایمقامی پشدەر بە 964ـی وت، “تەنانەت کاتێک لە نەخۆشخانە بووم لە تاران، بە تەلەفۆن بە سەرپەرشتیارانی پرۆژەکەم وتووە لەسەر من رایمەگرن و بیکەنەوە”.

هەروەها وتی، ئەوە 10 رۆژ دەبێت دەوامی خۆی دەکات و ئەوەندە نەخۆش نییە نەتوانێت ئەوە بکات، بەڵکو چاوەڕێی وەزیری تەندروستین.

بۆ 964ـی باسکرد، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی راپەڕین چاوەڕێیە سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان رۆژێک دیاری بکات و بچێتە قەڵادزێ بۆ کردنەوەی بەشەکە.

ئەو پرۆژەیە لەسەر ئەرکی خێرخوازێکی دەڤەری پشدەر دروستکراوە بە ناوی مەلا مەحموود، ئێستا کۆچی دوایی کردووە، بەڵام وەسێتی کردووە بەشێک لە سامانەکەی بۆ بواری تەندروستی بەکاربهێندرێت.