وێنەی ئەو گوللانەی بەر باڵەخانەی هاتوچۆی زاخۆ کەوتوون. وێنە:هاتوچۆی زاخۆ
باڵەخانەی هاتوچۆی زاخۆ گوللەرێژ کراوە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کاتێکدا ئەکادیمیای لەشکری زاخۆ سەرقاڵی راهێنان بوون، چەندین گوللەی راهێنانەکانیان بەر باڵەخانەی هاتوچۆی زاخۆ کەوتووە.
ئەکادیمیای لەشکری لە زاخۆ دەکەوێتە گەڕەکی مەهەندیک لە بەشی باکوری شاری زاخۆ، بەتەنیشتی هاوتوچۆی زاخۆ، رۆژانە لە بەیانیان بۆماوەی کاتژمێرێک راهێنان لەسەر چەک دەکەن.
رەشید ئادەم، بەرێوەبەری هاتوچۆی زاخۆ بە 964ی وت، “ئەمە یەکەمجار نییە شتی لەمجۆرە رووبدات، بەڵکو پێشتر چەندینجار لەکاتی راهێنانی سەربازی ئێمە ناچار دەبووین کارەکانمان رابگرین و بە خەڵک بڵێن بوەستن تا راهێنانەکان تەواو دەبن”.
بەوتەی بەڕێوەبەری هاتوچۆی زاخۆ، پێشووتر ئەکادیمیای سەربازی ساترەکانیان بڵند کردبوو بۆئەوەی راهێنانەکانیان مەترسی دروست نەکات، بەڵام هەر ئەمڕۆ چەندین گوللە بەر بەڕێوەبەرایەتیەکەیان کەوتووە.
“ئەمرۆ داوامان لە ئەکادیماکە کردووە چیتر ئەمە دووبارە نەبێتەوە، ئەوانیش وتیان لەمەوبەدوا شوێنێکی تر بۆ راهێنان دەدۆزینەوە و دڵنیاتان دەکەینەوە دووبارە نابێتەوە”. رەشید ئادەم ئەمەی وت.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی