وەزارەتی کار 10 هەلی کار بۆ خەڵکی سلێمانی رادەگەیەنێت
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ژمارەیەک هەلی کاری بەشێوەی گرێبەست، بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان و دەرچووانی ئامادەیی، ناوەندی و سەرەتایی راگەیاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24.8.2023، ئاریان ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە 964ـی راگەیاند، ئەو هەلی کارانە تەنیا بۆ سنووری پارێزگای سلێمانین و نزیکەی 10 هەلی کارن بۆ ئەو دەرچووانەی کە بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان هەیە لە بەشی IT ، ژمێریاری، کارگێری، یاسایی، ئەندازیاری میکانیک، توێژەری کۆمەلایەتی و زمانی ئینگلیزی.
وتیشی، جگە لە سلێمانی، ژمارەیەک هەلی کاری دیکەش هەن بۆ پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، بەم نزیکانە رایاندەگەیەنن.
هەروەها دەرچووانی ئامادەیی، ناوەندی و سەرەتاییش دەتوانن فۆڕم پڕبکەنەوە بۆ پیشەی شۆفێری.
بڕیارە رۆژانی 27 و 28ـی ئەم مانگە (ئاب)، کاتژمێر 9:00ی بەیانی لە بەرێوەبەرایەتی کاری سلێمانی، لەناو بینای دەستەبەری (ضمان) سەروو بەریدەکە، فۆڕم دابەشبکرێت و دامەزراندن بە چەند مەرجێک و بەپێی خاڵبەندی دەبێت.
پاش دابەشکردنی فۆڕم، دەبێت لە ماوەی سێ رۆژدا فۆرمەکان بگەڕێنرێنەوە ھەمان شوێن.
مەرجەکان بۆ کەسی شیاو ئەمانەن:
- پێویستە خوازیار تەمەنی لە نێوان 18-40 ساڵ بێت
- پێویستە خوازیار دانیشتووی سلێمانی بێت
- پێویستە خوازیار زانیاری راست و دروست پێشکەش بکات و لە ئەگەری تۆمارکردنی زانیاری هەڵە و نادروست داواکاری دامەزراندنی رەتدەکرێتەوە
- نابێت خوازیار موچەخۆر بێت لە هیچ دامودەزگایەکی حکومی و کەرتی تایبەت
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، ئارەزومەند پێویستە بەڵگەنامەکانی (ئەصڵی و کۆپی کراو) لە رۆژی سەردانکردنی ئامادەبکات (کارتی نیشتیمانی، کارتی زانیاری، پشتگیری موختاری گەڕەک، بڕوانامە یان پشتگیری دەرچوون) .