بەر لە کۆتایی ساڵ موچەیەکی تر دابەشدەکرێت
+964
فەهمی نەبی – هەولێر
دوای خەرجکردنی ٤٠٠ ملیار دینارەکە وەک تەواوکاری موچەی هەردوو مانگی کۆتایی ئەمساڵ، پەرلەمانتارێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێ؛ زانیاری تەواوم هەیە بەر لە کۆتایی ساڵ، موچەیەکی دیکەش دابەش دەکرێت.
رۆژی ١٣ـی کانونی یەکەمی ئەمساڵ، حکومەتی عیراق بڕیاری خەرجکردنی ٤٠٠ ملیار دیناری بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند وەک تەواوکاری دابەشکردنی موچەی مانگەکانی تشرینی دووەم و کانونی یەکەمی ٢٠٢٢.
خالید دۆسکی، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە +964ـی راگەیاند؛ زانیاری تەواوم هەیە بەر لە کۆتایی ساڵ، موچەیەکی دیکەش بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەدرێت.
+964 زانیویەتی، هێشتا ٤٠٠ ملیارەکە نەگەیشتووەتە کوردستان، بەڵام بەم نزیکانە ٢٠٠ ملیاری دەگاتە هەرێم، ئەوەکەی تریش بەر لە سەری ساڵ دەگات.
ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی دارایی، ئەوەی بۆ +964 ئاشکرا کرد کە ئەو ٤٠٠ ملیارە بەشێکی بۆ موچە خەرج دەکرێت، بەڵام “بەشەکەی دیکە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزاریەکانە، مەرج نیە هەمووی بۆ موچە بێت، حکومەتی هەرێم خۆی دەزانێت ئەو پارەیە بۆچی خەرجی دەکات”.
ئەو ٤٠٠ ملیار دینارە کە بڕیارە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت، یەکەم بڕە پارەیە کە حکومەتەکەی سودانی رەوانەی هەرێمی کوردستانی بکات، دوای دووجار سەردانی شاندی کوردستانی بۆ بەغداو گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکانی بودجەو نەوت.