خەڵکی زاویتە لە بێ ئاوی رزگاریان بوو ئەمجارە نۆری کارەبایە

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

هاوڵاتیانی ناحیەی زاویتە، بە پێدانی کارەبا بە بیرەکانی ئاو لە بێ ئاوی نەجاتیان بوو، بەڵام ئەمجارەیان بەدەست کەمی کارەبای نیشتیمانییەوە گیرۆدەن.

ماوەی 10 رۆژە کێشەی کەمی کارەبا لە ناحیەی زاویتە دروستبووە و بە قسەی خڵکی ناحیەکە لە ماوەی 24 کاتژمێردا تەنیا شەش کاتژمێر کارەبای نێشتیمانیان هەیە.

حسێن ئەحمەد، موختاری زاویتە بە 964ـی وت، لە زووەوە کێشەی کارەبایان هەیە بەڵام چەند رۆژێکە هەر بە تەواوەتی خراپ بووە، شەوی واهەیە لە کاتژمێر 10 بۆ نیوەڕۆی رۆژی دواتر نایەتەوە.

وتیشی، بەهۆی کەمی کارەبای نیشتیمانی و زۆر ئیش پێکردنی مۆلیدەکان، ڤۆلتیەی مۆلیدە دەتوانین بڵێین لەژێر سفر دایە و دەبێت بەردەوام بە دیار هەڵدانەوەی جۆزەئ مۆلیدەکەوە بین و نەیەنە ژوورەوە.

کێشەی کارەبا لە زاویتە لەوەوە دروستبووە کە کێشەی ئاو هەبووە لە ناحیەکە بۆیە بە ناچاری 24 کاتژمێر کارەبایان بۆ بیرەکانی ئاو دابینکردووە، بەهۆی ئەوەشەوە کارەبای ماڵان کەمیکردووە.

مقدم بەشار باڵندی بەڕێوەبەری ناحیەی زاویتە بە وەکالەت بە 964ـی وت، بۆ ئەم کێشەیە لەگەل کارەبای زاویتە و هەروەها قایمەقامیەتی دهۆک قسەمان کردووە و بەم نزیکانە چارەسەر دەکرێت و دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە.

ناحیەی زاویتە سەر بە پارێزگای دهۆکە و ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە سێ هەزار کەس دەبن.