کاسبکارانی دوکان کێشەیان لەگەل کامێرای پۆینت تو پۆینت هەیە
964+
دیلان محەمەد جەزا
لە ماوەی رابردوودا هەندێک لە خاوەن کارەکانی قەزای دوکان نوسراوێکی ناڕەزایەتیان دایە قائیمقامی قەزاکە و تیایدا ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی بەرامبەر کەمبوونەوەی گەشتیار بۆ قەزای دوکان بەهۆی دانانی کامێرای پۆینت تو پۆینت.
سیروان سەرحەد قایمقامی قەزای دوکان بە 964ـی وت، وەک سەرۆکی یەکەی ئیداری لەگەڵ کۆنتڕۆڵکردنی خێرایی رێگاو بانەکاندان، بۆئەوەی هاوڵاتی تیژڕەوی نەکات لە رێگاکاندا و گیانیان پارێزراو بێت.
وتیشی، لە رابردوودا رۆژانە چەندان رووداوی کارەساتبار دەبیسترا بەهۆی تیژڕەوی و پابەند نەبوونەوە، چەندان کەس دەبوونە قوربانی لەسەر ڕێگای سلێمانی – دوکان.
هاوڵاتی ترساوە و ڕانەهاتووە لە کامێراکان، لەبری سەردانی سەیرانگای دوکان بکات، سەردانی ناوچەکانی دیکە دەکات بۆ مەبەستی گەشت و سەیران و خۆی بەدوور دەگرێت لە کامێراکان، دەبوایە لە سەرجەم ناوچەکان بە یەکەوە دابنرایە نەک تەنیا لەسەرئەو رێگایە.
ئەو کۆمپانیایەی جێبەجێکاری پرۆژەکە بووە وەک پێویست رێنماییەکانی لە کاتی خۆیدا دانەناوە، پێویستە لە دەروازەی تاسڵوجە تابلۆیەک بەسێ زمان دیاریبکرێت، کە شۆفێر دەچێتە ناو ئەو زۆنەوە، تابلۆی زیاتر هەبێت لەسەر رێگاکان.
سیروان لالە سەرحەد دەشڵیت، ئەو یاداشتەی هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیە داویانەتە دەستیان، رادەستی پارێزگای سلێمانی کراوە وەک خۆی، بەڵام پێویستە بە تەنیا دوکان نەبێت و کارئاسانی بکرێت لەلایەن هاتوچۆی سلێمانیەوە گەر گونجاو بێت.
لەبەر ئەوەی دانانی کامێراکان بابەتێکی نوێیە کاریگەری هەبووە لەسەر بازاڕی قەزای دوکان و بازاڕیان کەمبووەتەوە.
“لە رابردوودا لە 67% رووداوەکان لەسەر رێگای سلێمانی – دوکان بووە، بەڵام دوای دانانی کامێراکان تەنیا پێنج رووداوی هاتوچۆ هەبووە، بەڵام ژیانی کەسێک گرنگترە لە گیرفانی خاوەنکاران، بەڵام گوزەرانی خاوەنکارانیش جێگەی بایەخە و دەبێت داکۆکی لەسەر بکەن”، ئەمە قسەی قایمقامی دوکانە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی