پزیشكانى میسر عیلاجى ده‌ردى ماسییه‌كانى ته‌قته‌ق ده‌كه‌ن

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

تیمێكی پزیشكانى تایبه‌تمه‌ند به‌ نه‌خۆشییه‌كانى ماسی، له‌ وڵاتى میسره‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ناحیه‌ى ته‌قته‌ق بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ بكه‌ن كه‌ توشی ماسییه‌كانى ئه‌و سنووره‌ هاتوون.

ته‌قته‌ق، به‌هۆى بوونى زێی بچووك له‌ سنووره‌كه‌یدا به‌ به‌رهه‌می سامانى ماسی به‌ناوبانگه‌ و به‌پێی داتاكانى ئێستاى به‌شی سامانى ماسی له‌ ته‌قته‌ق، له‌ 21 گوندى سنووره‌كه‌یان نزیكه‌ى هه‌زار و 100 حه‌وزى ماسی هه‌ن و رۆژانه‌ش لانیكه‌م 20 تۆن ماسی ده‌نێردرێته‌ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و ناحیه‌یه‌.

دڵشاد عه‌لى محه‌مه‌د، به‌رپرسی به‌شی سامانى ماسی له‌ كشتوكاڵى ته‌قته‌ق، به‌ 964ـى وت، باوترین نه‌خۆشی كه‌ توشی ماسیه‌كانى ته‌قته‌ق هاتوون، نه‌خۆشییه‌كانی كه‌ڕو و ڤایرۆسه‌”.

وتیشی “خاوه‌ن حه‌وزه‌كانى ماسى به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كى ماسی به‌خێوده‌كه‌ن بۆیه‌ نه‌خۆشی بۆ ماسییه‌كانیان دروست ده‌بێت”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، جۆری ئاو، خاك، پێدانى عه‌له‌ف و ئۆكسجین، هیچی به‌شێوه‌یه‌كی زانستى له‌لایه‌ن خاوه‌ن حه‌وزه‌كانه‌وه‌ جێبه‌جێ ناكرێت.

باسی له‌ هاتنى ئه‌و تیمه‌ى پزیشكانى میسریش كرد و وتى “دواى ده‌ستنیشانكردنى نه‌خۆشییه‌كانى ماسی رێنمایی تایبه‌تیان به‌ جوتیاره‌كان دا و ئه‌گه‌ر له‌ 50%ـى رێنماییه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن، زۆربه‌ى كێشه‌كانیان نامێنیبَت”.

روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌و تیمه‌ پزیشكییه‌ له‌رێگه‌ى كه‌رتى تایبه‌ته‌وه‌ له‌وڵاتى میسره‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ناحیه‌ى ته‌ق ته‌ق.

به‌پێی ئامارى کۆمەڵەی گەشەپێدانی سامانی ماسی، لە هەرێمی کوردستان چوار هەزار حەوزی بەخێوکردنی ماسی هەن و داواش دەکرێت حەوزی داخراو بنیات بنرێت بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی کەرتەکە.

هه‌رچی داتای وەزارەتی کشتوکاڵیشه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ تەنیا 412 پرۆژەی فەرمی و مۆڵەتپێدراوی بەخێوکردنی ماسی لە هەرێمی کوردستان هەن.