لێخۆشبوونی کارەبا بۆ هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕینیش دەرچوو

964+

فەرمان سادق

داشکاندنی رێژەی 15% لەسەر قەرزی کارەبا لە پارێزگای هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە وتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، هی ئەو شوێنانە لەگەڵ پارێزگای سلێمانی دەستیپێکردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە 22.8.2023، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای گەرمیان بڵاوی کردەوە کە داشكاندنی رێژەی 15% لە قه‌رزی كاره‌با له‌ گه‌رمیان ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌.

دەشڵێت؛ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌سه‌ر داواكاری وه‌زاره‌تی كاره‌با ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر داشكاندنی رێژەی 15% لەسەر قەرزی كرێی كاره‌با بۆ سنووری هه‌ریه‌كه‌ له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌ی گه‌رمیان و ئیداره‌ی راپه‌رین دەرکردووە.

بەپێی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە بێت، بڕیارەکە بۆ ماوەی سێ مانگە و لە 20.8.2023 تاوەکو 20.11.2023 جێبەجێ دەکرێت.

لەسەر ئەو پرسە، ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە 964ـی وت، بڕیاری داشکاندن لەسەر قەرزی کارەبا بۆ پارێزگای هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین، لەگەڵ بڕیاری داشکاندن لەسەر قەرزی کارەبای سلێمانی دەرچووە.

بڕیاری داشکاندن بۆ قەرزی کارەبای هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین، لە کاتێکدایە لە 16ـی ئەم مانگە بڕیارەکە بۆ هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک، هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ دەرچوو.

پێشتریش، درێژکردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوون لە قەرزی کارەبا بە رێژەی 15% لەلایەن وەزارەتی کارەبا بۆ هاوبەشانی هەبوو، چەندجارێکیش درێژکرایەوە، بەڵام ئەمجارەیان لەسەر داوای ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، جارێکی تر ئەو لێخۆشبوونە درێژکرایەوە.