گونده‌كانى بنارى قه‌ندیل داوه‌تى یارى كۆتایی خولێكی تۆپی پێ كراون

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

شاره‌وانى بنارى قه‌ندیل، داوه‌تنامه‌ى بۆ ته‌واوى دانیشتوانى گونده‌كانى سنووره‌كه‌ى ناردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى رۆژى هه‌ینى داهاتوو ئاماده‌ى بینینى یارى كۆتایی خولی ساڵانەی بناری قەندیل ببن.

ساڵانه‌ له‌ بنارى قه‌ندیل، خولى تۆپی پێ بۆ تیپه‌كانى ئه‌و گوندانه‌ ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ یاریزانى تۆپی پێیان هه‌ن و له‌ كێبڕكێی خوله‌كه‌دا دواجار دوو تیپ ده‌گه‌نه‌ كۆتایی و خه‌ڵكیش له‌و یارییه‌ كۆتاییه‌دا ئاماده‌ى بینینى ده‌بن.

له‌وه‌ته‌ى ساڵى 2020ـه‌وه‌ خولى ساڵانه‌ى بنارى قه‌ندیل ده‌ستى پێكردووه‌ و له‌هه‌ر خولێكیشدا لانیكه‌م 20 تیپ له‌ كۆى 67 گوندى ئه‌م سنووره‌ به‌شدارى خوله‌كه‌ ده‌كه‌ن.

بۆ ئه‌مساڵ هه‌ردوو تیپی (بەستینە) و (هەڵبژاردەی ئۆردوگا) گه‌یشتوونه‌ته‌ یاری كۆتایی.

دڵشێر ئیبراهیم، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل، به‌ 964ـى وت، ساڵانه‌ كه‌ ئه‌م خوله‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، خه‌ڵكی گونده‌كان سه‌یری یارییه‌كان ده‌كه‌ن، وتیشی “به‌ڵام بۆ یارى كۆتایی زۆرینه‌ى دانیشتوانى گونده‌كان ئاماده‌ ده‌بن”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، بۆ ئه‌مساڵیش داوه‌تنامه‌یان بۆ ته‌واوى دانیشتوانى گونده‌كان ناردووه‌ بۆ ئاماده‌بوونیان، له‌یاری كۆتایی.

باسی له‌وه‌شكرد، ئێواره‌ى رۆژى هه‌ینى داهاتوو به‌رله‌وه‌ى یارییه‌كه‌ ده‌ستپێبكات ته‌واوى ئه‌م خه‌ڵكه‌مان داوه‌تى نانخواردن كردووه‌، دواتر به‌ره‌و یاریگاى بنارى قه‌ندیل ده‌چن و كاتژمێر 9:30 ده‌قیقه‌ى شه‌ویش یارییه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات.

شارەوانی بناری قەندیل لە پارتی کرێکارانەوە نزیکە و سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە.

پێشتر، ئارام محه‌مه‌د، سه‌رۆكى شاره‌وانی قه‌ڵادزێ بە 964ی وتبوو ”شاره‌وانى بنارى قه‌ندیل هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى له ‌رووى ئیدارى و كارگێڕییه‌وه ‌به ‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیى شاره‌وانییه‌كانى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى راپه‌ڕینه‌وه‌ نییه ‌و شاره‌وانییه‌كه ‌سه‌ربه‌خۆ دامه‌زراوه‌ و ته‌نانه‌ت ئامێر و پێداویستییه‌كانى ئه‌و شاره‌وانیه‌ش له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ دابین دەکرێت”.