ماملێ بۆچی چەکی بەدەستەوە بوو!

964+

لەم رۆژانە بۆ یەکەمجار وێنەیەکی هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان، محەمەدی ماملێ بەشێوەیەکی بەربڵاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوویەوە.
لە وێنەکەدا هونەرمەند محەمەدی ماملێ کلاشینکۆفێکی بەدەستەوەیە.

964 بەدواداچوونی بۆ دۆزینەوەی رووداوی تۆماردکردنی وێنەکە کرد، وریا ماملێ کوڕی هونەرمەند محەمەدی ماملێ چیرۆکی تۆمارکردنی وێنەکەی ئاوا بۆگێڕاینەوە؛ وێنەکە لە هۆڵی (خانەی جەوانان) واتا ماڵی لاوان لەشاری مەهاباد گیراوە.

ئەو مەراسیمە بەبۆنەی رۆژی 10ـی خاکەلێوە، واتە یادی لەسێدارەدانی قازی محەمەد بەڕێوەچووە.

لە مەراسیمەکە مامۆستا هێمن شیعری خوێندوەتەوە و هەریەکە لە هونەرمەندان ماملێ و جەمال موفتی گۆرانیان وتووە.

لەو مەراسیمە هونەرمەند ماملێ دوو گۆرانی وتووە بەناوەکانی (ئەختەر کچی کوردی چاو مەست ئەی پێشمەرگەی تفەنگ بەدەست) و (بەهاری زەرد).

بۆچی ماملێ لەکاتی گۆرانی وتن چەکی بەدەستەوە بووە؟

ئەو کاتەی ماملێ گۆرانی دەڵێت، پێشمەرگەیەک هەڵدەستێتە سەر ستەیج وەک رێزێک بۆ ئەو رۆحە کوردانەیەی، تفەنگەکەی خۆی دەداتە دەستی ماملێ، ئەویش وەک رێز و وەفایەک بە چەکەوە گۆرانیەکانی دەڵێت.

ئەو رۆژە یەکێک لە ئامادەبووانی هۆڵەکە رەحمان حاجی ئەحمەدی بووە، کە لەگەڵ خانمە رۆژنامەوانێکی ئەڵمانی بەناوی هێلا شلومبێرگەر لەئەڵمانیاوە هاتبوون بۆ یادەکە، رەحمان حاجی ئەحمەدی وێنەکە دەگرێت و دەبێتە بیرەوەیەکی جوان.

هونەرمەند مەحمەدی ماملێ لەماوەی ژیانیدا، بەرامبەر خەباتی سیاسی، دووجار سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە، جارێکیان لەلایەن حکومەتەکەی شا لەساڵی 1968، جارێکی دووەم لە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵی 1980 بووە، هەردوو جارەکەش سزاکەی هەڵوەشاوەتەوە، ئەو خەباتە بەردەوامەی ماملێ خانەوادەکەی رووبەڕووی کارەسات کردووەتەوە، کوڕێکی ماملێ بەناوی نەجات لە تەمەنی 17 ساڵی لە سێدارە دراە.