له‌ شاره‌زوور و زه‌ڕایه‌ن پێشبڕكێ بۆ سه‌وزترین ماڵ ده‌كرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بڕیاره‌ له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا، پێشبڕكێی هه‌ڵبژاردنى  سه‌وزترین ماڵ بۆ سه‌نته‌رى قه‌زاى شاره‌زوور و ناحیه‌ى زه‌ڕایه‌ن ئه‌نجام بدرێت.

پێشبڕكێكه‌، له‌لایه‌ن بەشی ژینگەى بەڕێوەبەرایه‌تى گشتی شارەوانیەکانی سلێمانی، بە هاوکاری هەردوو شارەوانی شارەزوور و زەڕایەن بەڕێوەدەچێت.

داوا له‌ خه‌ڵكی سنوورى ئه‌و دوو سه‌نته‌ره‌ كراوه‌، وێنەی باخچەی ماڵەکەیان بە ڤایبەر، تێلگرام یان واتسئاپ، بۆ ژماره‌ موبایلى 07501778929  بنێرن، بۆ ئه‌وه‌ى لە لایەن لیژنەی سەرپەرشتیارەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئاست و رێژه‌ى سه‌وزایی ماڵه‌كانیان بكرێت و دواتریش سەردانیان دەکرێت.

به‌شی ژینگه‌ى شاره‌وانى سلێمانى ده‌ڵێت، ئه‌و پێشبڕكێیه‌ هاندانێکه‌ بۆ زیادکردنی سەوزایی لە هەموو ماڵێکدا.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، دیاری تایبەت دەبەخشرێتە ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ لە چوارچێوەی ماڵەکەیدا زۆرترین سەوزایی چاندبێت لە باخچە، نێو ئینجانە، دیوار و سەربان.

له‌ دوێنێ دووشه‌ممه‌ 21.8.2023 ناونووسین بۆ بەشداربوونى ئه‌م پێشبڕكێیه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ و تاوه‌كو رۆژى 31.8.2023 به‌رده‌وام ده‌بێت.

لیژنه‌كه‌ چه‌ند مه‌رجێكیشى داناوه‌ بۆ به‌شداریكردن، ئه‌وانیش بریتین له‌وه‌ى، كه‌ نابێت سه‌وزاییه‌كه‌ له‌سه‌ر موڵكێكى زێده‌ڕۆ چێندرابێت و ده‌بێت ئه‌وانه‌ى به‌شداریش ده‌كه‌ن، ماڵیان له‌ناو سنووری سەنتەری شاره‌وانی شارەزوور و سەنتەری شاروانی زەڕایەن بێت.