یانەی هەولێر گرێبەستی سێ یاریزانی نوێکردەوە

964+

هێژا خەسرەو – هەولێر

ئەمڕۆ دووشەممە یانەی هەولێر نوێکردنەوەی گرێبەستی سێ یاریزانی راگەیاند.

یانەی هەولێر بەشدارە لە خولی نایابی پیشەگەرەکانی عێراق، دەیەوێت یانەکەی رێکبخاتەوە و لە گفتوگۆی بەردەوامدایە لەگەڵ یاریزانەکانی.

یانەی هەولێر سەرەتا لەگەڵ رێباز عەبدوڵای گۆڵپارێزی یانەکەیان گفتوگۆیان کرد و سەرکەوتوو بوون لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، ئەو گۆڵپارێزە لە یارییەکانی وەرزی رابردوودا لە بەشێکی یارییەکاندا بە شێوەیەکی سەرەکی یاریکردووە، هاوکات نوێکردنەوەی گرێبەستی عومەر جەنگی یاریزانی یانەکەیان بڵاوکردەوە.

دوای گرێبەستی ئەو دوو یاریزانە، کارگێڕی یانەکە کۆبوونەوەی لەگەڵ رەوا یوسفی ناوەڕاستکاری یانەکەی کرد و لە نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانەش سەرکەتووبوون و هەرسێ یاریزانەکە بۆ وەرزی داهاتوو لەگەڵ هەولێر بەردەوام دەبن.

رەوا یوسف لە لێدوانێکی تایبەتدا بە 964ـی راگەیاند، “کۆبوونەوەکەمان سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو، هیچ کێشەیەک لە ناوەڕۆکی گرێبەستەکەمدا نەبوو، چەند بڕگەیەک هەبوو هەردوولامان لەسەری ناکۆک بووین، بەڵام دوای گفتوگۆیەکی کورت، رێککەوتین و واژۆمان لەسەر گرێبەستەکەمان کرد کە بۆ ماوەی دوو ساڵە”.

چەند هەفتەیەکە یانەی هەولێر یاریزانی نوێ دەگوازێتەوە یانەکەی و دەستبەرداری چەند یاریزانێکی بووە، لەگەڵ ئەوەشدا گرێبەستی بەشێک لە یاریزانانی یانەکەی نوێکردووەتەوە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی