سەرۆکی یانەی زاخۆ بەڵێنی رکابەری نادات
تەڵال بەلوشیی قەتەڕی لەگەڵ یانەی زاخۆ دەستبەکار بوو
+964
شڤان عەبدوڵا – زخۆ
راهێنەری قەتەڕی تەڵال بەلوشی بە فەرمی پۆستی راهێنەرایەتی یانەی وەرزشی زاخۆی وەرگرت.
لە چوارچێوەی گوڕانکارییەکانی یانەی وەرزشی زاخۆ، کە ژمارەیەک گرێبەستی لەگەڵ چەندین یاریزانانی پیشەگەر واژۆ کرد، هەروەها یانەکە گرێبەستی لەگەڵ تەڵال بەلوشی قەتەری کرد وەک راهێنەری نوێی تیپەکە، ئەمڕۆش یانەی زاخۆ لە کۆنگرەیەکی روژنامەوانیدا راهێنەرەکەی بە جەماوەر ناساند.
بەلوشی لەدایکبووی ساڵی 1986 و تەمەنی 37 ساڵە، پێشتر یاریزانی هەلبژاردەی قەتەڕ بووە و بەشداری لە چەندان پاڵەوانیەتی عەرەبی کردووە و یاری بۆ چەندین یانە کردووە وەک ( سەد، شەباب، عەرەبی، مەرخیە و مسیەمەر ) و پێش وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەی زاخۆش، یاریدەدەری راهێنەر بووە لە یانەی شیمالی قەتەڕی.
لە وەڵامی پرسیاری 964 دا کە ئایا چیت پێ دەکرێت بۆ یانەی زاخۆ؟
تەڵال بەلوشی وتی: هەموو تواناکانمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی زاخۆ بکەین بە یەکێک لە بەهێزترین یانەکانی خولی پیشەگەرانی عێراق.
لە وەڵامی پڕسیاری 964 دا کە ئایا زاخۆ رکابەری لەسەر نازناوی خولی عێراق دەکات؟
عەمار فەرهاد، سەرۆکی یانەکە وەڵامی دایەوە و دەڵێت: رکابەری پێویستی بە ماندووبوون و ئامادەکاری و پارەی زۆرە، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی زاخۆ رکابەری بکات.
ئەمە لەکاتێکدایە یانەی زاخۆ لە وەرزی 2022 – 2023 ـی خۆلی نایابی عیراق لەئاستی پێویست نەبوو، نەیتوانی دڵی هاندەرانی خوش بکات و لە کۆتایی خولەکەدا لە ریزبەندی 16دا بوو.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا