لە هەڵەبجە دوورگە دەرکەوت و چەقەڵیشی لێدەژی

964+
محەمەد عومەر

غەریب شەوکەت هاوڵاتیەکی ناحیەی سیروانە لە هەڵەبجە، عەلاگەیەکی گەورە لە پەڕ و باڵ و پاشماوەی مریشک دەخاتە ناو بەلەمەکەی و بە رێگاوەیە ئەو خواردنە ببات بۆ سەر دوورگەیەکی تازە دروستبوو بە ناوی بانی وازۆڵ لە رووباری سیروان.

بە هانای چەند ئاژەڵێکەوە دەچێت کە هی خۆی نین و تەنانەت ماڵییش نین.

چەند مانگێکە دایکانە چەقەڵێک و بەچکەکانی لەسەر ئەم دوورگەیە دەژین، لە راستیدا گیریان خواردووە.

رۆژێکیان غەریب شەوکەت بۆ راوەماسی سەردانی ئەم رووبارە دەکات و دەنگی برسێتیان دەبیستێت، ئەمیش ئیتر بڕیار دەدات هەمووجارێک لەگەڵ خۆیدا خواردنیان بۆ بهێنێت.

کە تیمی 964 نزیکبووەوە لە دوورگەکە، چەقەڵەکان هەریەکەو بەلایەکدا رایان کرد، بەڵام هێشتا جێ قاچەکانیان ماون کە هەمیشە بەو ناوەدا دەسووڕێنەوە.

ئەم چیرۆکەمان گەیاندە پۆلیسی دارستانی هەڵەبجە، تاوەکو چارەسەرێک بۆ حاڵی ئەو چەقەڵانە ببیننەوە، وتیان لە ئەمڕۆوە دەچین بەدەمیانەوە.

ئەگەرچی لە مێژوودا هەرگیز چەقەڵ و مرۆڤ هاوڕێ نەبوون، بەڵام ئێستا ئەو دایک و بەچکانە پێویستیان بە کەسانێکە لەو گیرەی خواردوویانە دەریان بهێنن و بیانگەڕێننەوە بۆ شاخەکانی نزیک لە رووبارەکە کە زێدی راستەقینەی خۆیانە.