200 رێکخراو و نووسەر داوای هێنانەوەی رووفاتی 171 ئەنفالکراو دەکەن
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
دەیان رێکخراو و کەسوکاری ئەنفال و نووسەر و چالاکوانی بواری جینۆساید، داوا دەکەن ئێسک و پروسکی ئەنفالکراوان لە بەغداوە بگەڕێندرێتەوە و دەڵێن، هەوڵێک بۆ بەخاكسپاردانیان لە شاری بەغدا لە ئارادایە.
ئەمڕۆ دووشەممە 21.8.2023، لە ساڵیادی یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی سەدام حوسێن و سەرانی رژێمی بەعس، 200 رێکخراو و کەسوکاری ئەنفال و نووسەر و چالاکوانی بواری جینۆساید، لە بانگەوازێكدا شەش داواکاری ئاراستەی دەسەڵاتدارانی عیراق و ھەرێمی کوردستان دەکەن.
لە بانگەوازەکەدا هاتووە، ماوەی چوار ساڵە رووفاتی 171 ئەنفالکراو بەبێ نازی لە پزیشکی دادی بەغدا هێڵدراونەتەوە و ناسنامەکانیان ئاشکرایە.
ئەو رووفاتانە، لە مانگی ئابی ساڵی 2019، لە ئەنجامی هەڵدانەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵدا لە ناوچەی تەلشێخە لە شاری سەماوە لە باشووری عێراق دۆزرانەوە.
“تائێستا هیچ هەنگاو و هەوڵێك نابینین بۆ هێنانەوەی رووفاتی ئازیزانمان بۆ کوردستان، ئەمەش کەمتەرخەمی و بێباکی حکومەتی ھەرێم دەردەخات لە بەرامبەر ئەم پرسە”، بانگەوازەکە وا دەڵێت.
لە بانگەوازەکەدا ئەم شەش داواکارییە خراونەتەڕوو:
- یەکەم: دەست بکرێت بە وەرگرتنی سامپڵی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال لە کوردستان لەلایەن وەزارەتی شەھیدان بە هاوکاری وەزارەتی تەندروستی.
- دووەم: کار بکرێت بۆ ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵە دۆزراوەکان و گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی تر لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق.
- سێیەم: له پرسی هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان و هەڵدانەوەی گۆڕ غەریبانی ئەنفالکراوانمان، گوێ لە ویستی سەرجەم کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال بگیرێت بەبێ جیاوازی و کەسوکاری قوربانیان و رێکخراوەکانی بواری جینۆساید و نوسەران و توێژەران و چالاکوانانی ئەم بوارە، لەگەڵ بە پەلە هێنانەوەی 171 ئێسک و پروسکە بێ ناز کەوتوەکەی ئەنفالکراوانمانن.
- چوارەم: داوا لە کەسوکاری ئەنفالکراوان دەکەین، بەپێی یاسای پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق بە ژمارە (5)ـی ساڵی (2006)، که بە یاسای ژمارە (13) ساڵی (2015) هەموارکراوەتەوە، بچن لە فەرمانگەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە بەغدا داواکاری بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان تۆمار بکەن، چونکە یاسای ئاماژە بۆ کراو، ئەولەویەتی داوە بە داوای کەسوکاری جینۆسایدکراوان.
- پێنجەم: حکومەتی هەرێم و نوێنەرانی کورد لە بەغدا، پرسەکانی جینۆسایدی گەلی کورد لە هاوشانی دۆسیەکانی بودجە و نەوت، بکەنە بنەمای گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عیراق.
- شەشەم: تۆمەتبارانی داواکراو لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عیراقەوە راپێچی بەردەم دادگا بکرێن.