964+ هۆکاری بڵاوکردنەوەی هێزی ئەمنی لە گەڕەکە کوردییەکانی کەرکوک ئاشکرادەکات

964+

کاروان ساڵح – کەرکوک

کوردەکان زووتر بازاڕەکانیان دەپێچنەوە جیاواز لە نەتەوەکانی دیکەی کەرکوک، هەر بۆیە هێزی ئەمنی لە گەڕەکە کوردییەکان بڵاوەپێدەکرێت، بە قسەی سەرچاوەیەک لە پۆلیسی شارەکە.

ژمارەیەک هاوڵاتی کوردی کەرکوک لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی باسیان لەوە کردووە، چەند رۆژێکە هەر لە کاتەکانی ئێوارەوە هێزی ئەمنی لەناو گەڕەکە کوردییەکان بڵاودەکرێتەوە.

ئەو هاوڵاتیانە پێیانوایە تەنیا لە ناوچە کوردییەکان هێزی ئەمنی بڵاوکراوەتەوە و لە هۆکارەکەیان دەپرسی.

سەرچاوەیەکی ئەمنی کە نەیویست ئاماژە بە ناوەکەی بکرێت تایبەت بە 964+ وتی، دیارەدەی بڵاوبوونەوەی ئەو هێزە پەیوەندی بە جیاوازی گەڕەکەکانەوە نییە، بەڵکو تەنیا لە چوارچێوەی پلانی ئەمنی ژووری ئۆپراسیۆنی کەرکوکە.

بە قسەی ئەو، “بازاڕی گەڕەکە کوردییەکانی وەکو رەحیماوا، شۆریجە و ئازادیی زووتر دادەخرێن، بەڵام بازاڕەکانی قودس و رێگای بەغدا و نزیک بینای کۆنی پارێزگای کەرکوک تاوەکو درەنگانێکی شەو کراوەن، هەر بۆیە هێزە ئەمنییەکان لەو شوێنانە دەرکەوتنیان زیاترە بۆ ئەوەی دوکاندارانی ناوچە کوردییەکان بە هەمان شێوەی ناوچە عەرەبی تورکمانییەکان تاوەکو درەنگانێکی شەو کراوە بن”.

لە لایەکی دیکە، دڵشاد ساڵح حەساری، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی حزبی شیوعی کوردستان بە 964+ی وت، لە دوایین کۆبوونەوەی حزبە کوردستانییەکانی شاری کەرکوک کە لە بارەگای حزبەکەیان بەڕێوەچووە، یاداشتێکیان بەرزکردووەتەوە بۆ سەرۆکایەتی کۆماری عێراق و داوایان لێکردووە، “دیاردەی هێزی ئەمنی و هەمەڕی سەربازیی” لەناو شار کۆتایی پێبهێندرێت.

964+ دەزانێت لە زۆربەی گەڕەکەکانی کەرکوک مەفرەزەکانی هێزی ئەمنی دادەنرێن، بە تایبەتی لە شەواندا، کە ئەمە بە رێژەیەکی بەرچاوە ناوچە کوردنشینەکان دەگرێتەوە.