دهۆك سه‌ركه‌وتنی تۆمار كرد و یاریی لووتكه‌ش له‌ هه‌ولێره‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵلأ – هه‌ولێر

له‌ خولی نایابی عێراق یانه‌ی دهۆك بردنه‌وه‌یه‌كی گرنگی له‌ به‌غدا تۆمار كرد، سبه‌یش یاریی لووتكه‌ له‌ نێوان هه‌ولێر و زه‌وڕا له‌ هه‌ولێر ده‌كرێت.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 14ی كانوونی یه‌كه‌م، له‌ گه‌ڕی ده‌یه‌می خولی نایابی عێراق بۆ تۆپی پێ، یانه‌ی دهۆك له‌ شاری به‌غدا به‌ ئه‌نجامی 3-1 گۆڵ له‌ یانه‌ی سناعه‌ی برده‌وه‌.


گۆڵه‌كانی یانه‌ی دهۆك “ژیار گۆڤه‌ند 2 گۆڵ و ئۆبۆكۆ ئیكمینك” تۆماریان كرد، گۆڵی یانه‌ی سناعه‌ش له‌یس ره‌عد تۆماری كرد.

دهۆك به‌م بردنه‌وه‌یه‌ ژماره‌ی خاڵه‌كانی گه‌یانده‌ 14 خاڵ و به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی له‌ پله‌ی ده‌یه‌مه‌.

هه‌ر له‌ گه‌ڕی ده‌یه‌می خوله‌كه‌دا، سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌ یاریی لووتكه‌ی گه‌ڕه‌كه‌ له‌ یاریگه‌ی فرانسۆ هه‌ریری له‌ هه‌ولێر ده‌بێت، كاتێك یانه‌ی هه‌ولێر میوانداریی یانه‌ی زه‌وڕا ده‌كات.

هه‌ولێر ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 14ی كانوونی یه‌كه‌م، دوایه‌كه‌ی مه‌شقی خۆی ئه‌نجام دا و خۆی بۆ یارییه‌كه‌ ئاماده‌ كردووه‌.

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت جه‌ماوه‌رێكی زۆر له‌ یارییه‌كه‌دا ئاماده‌بن، كه‌ كاتژمێر 4:15ی ئێواره‌ ده‌ستپێده‌كات.

به‌ڕێوه‌چوونی یارییه‌كه‌ له‌ كاتێكدایه‌، یانه‌ی هه‌ولێر 12 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی 12یه‌، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی.

له‌ به‌رامبه‌ردا یانه‌ی زه‌وڕا 19 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی چواره‌می ریزبه‌ندییه‌.


هه‌ر له‌ یارییه‌كانی ئه‌مڕۆ خولی عێراقدا، یانه‌ی نه‌ورۆز له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیدا له‌گه‌ڵ یانه‌ی نه‌فتی میسان یاریی ده‌كات.

له‌ یارییه‌كی دیكه‌شدا یانه‌ی زاخۆ، كه‌ نوێنه‌رێكی دیكه‌ی كوردستانه‌ له‌ خوله‌كه‌دا، له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیدا به‌رامبه‌ر یانه‌ی حدوود یاریی ده‌كات.

خولی نایابی عێراق به‌ به‌شداریی 20 یانه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كه‌ چوار یانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌شدارن.