لە حاجی ئۆمەران بایی ملیارێک دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی کراوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
پارێزگاری ورمێ رایگەیاند، ساڵی رابردوو لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە بایی زیاتر لە یەك ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ئێران و ھەرێمی كوردستان كراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 20.8.2023، محەمەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر، رایگەیاند، ساڵی رابردوو دەروازەی سنووری نێوان حاجی ئۆمەران و تەمەرچین یەکێک بووە لە چالاکترین دەروازەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و زیاتر لە یەک ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێدا کراوە.
قسەکانی پارێزگاری ورمێ لەدوای کۆبوونەوەیەک دێت کە ئەمڕۆ لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە بەشداری جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران و پارێزگاری ورمێ و شاندێک لە هەردوولا بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا گتوگۆش کراوە لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ هاتووچۆی زیارەتکاران بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق لە دەروازەی حاجی ئۆمەران – تەمەرچینەوە.
سەبارەت بە کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ لەگەڵ ئێران، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، “لە هەردوولا ئامادەکاری باش کراوە بۆ ئەوەی مەرزی سیدەکان-کەلەشین لە ئایندەیەکی نزیکدا بکرێتەوە”.