یاریگای هەولێر سیستمی ڤاری بۆ دادەنرێت

+964

هێژا خەسرەو ـ هەولێر

شاندێکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق لە لێژنەی سیستەمی ڤار سەردانی یانەی هەولێریان کرد و پشکنینەکانیان بۆ یاریگای یەکەمی فەرانسۆ هەریری ئەنجامدا بە مەبەستی دانانی سیستەمی ڤار بۆ وەرزی نوێ.

شاندەکە لەلایەن هەریەکە لە ئەحمەد شکور و مۆفەق یونسی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەکە پێشوازیان لێکرا، دواتر شاندەکە چەند شوێنێكی یاریگای فەرەنسۆ هەریریان بەسەر کردەوە و تێبینییەکانی خۆیان خستە بەردەستی دەستەی کارگێڕی یانەکە، لە لایەن خۆشیانەوە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەکی یانەی وەرزشی هەولێریان بۆ لیژنەکە دووپات کردەوە لە پێناو سەرکەوتنی کارەکەیان و بەڕێوەچوونی خولی پیشەگەرەکانی عێراق لە وەرزی داهاتوو بە باشترین شێوە.

ئیبراهیم قادر بەرپرسی راگەیاندنی یانەی هەولێر بە 964ی وت، یاریگاکەمان هیچ گرفتێکی نییە و لە هەموو روویەکەوە پەسەند کرا، لێژنەکەش لەگەڵ هاتنیان شوێنی کامێراکان و راگەیاندن، هەروەها شوێنی ناوبژیوانانی ڤاریان دەستنیشاکرد بۆ ئەوەی کارەکانیان ئەنجامبدەن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی