پیاوێک شاخ بە شاخ ئاو بۆ باڵندەکان دەگێڕێت
964+
ئاکام غەفور – هەریر
مام حەمەدەمین پیاوێکی سەروو 50 ساڵی دەڤەری دەشتی هەریرە، ئەو شاخ بە شاخ ئاو بۆ باڵندەکان دەگێڕێت.
دەبەیەک ئاوی لەکۆڵناوە و ئاو دەکاتە ناو هەرکەوانە (چاڵە ئاوە) دەستییەکانەوە تاوەکو باڵندەکان دواتر لێی بخۆنەوە.
مام حەمەدەمین لەسەر شاخی بەنی هەریرەوە بە 964ـی وت، ئەم حەز و خولیای تایبەتی خۆیەتی و بە ئەرکیشی دەزانێت چونکە ئەندامی گروپی شاخەوانیی هەریرە.
ناوچەی هەریر دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای هەولێر.
مام حەمەدەمین هۆکارێکی دیکەی ئیشەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە بەشێک لە شاخ و داخەکەی ئەو دەڤەرە بێ کانیاو و سەرچاوەی ئاوییە.
ئەو کۆتا قسەی وتی، کە دەبینێت باڵندەکان دەچنە سەر چاڵە ئاوەکە و ئاو دەخۆنەوە ئیتر ماندوێتییەکەی نامێنێت و دڵی دەحەسێتەوە.