ئەم گەرما تاقەتپڕوکێنەیە بۆ چەند رۆژی تر بەردەوام دەبێت
ئەو کەسانە کێن مەترسی گەرمایان لەسەرە؟
+964
پەرستۆ ساڵح
بەرزیی پلەکانی گەرما لە وەرزی هاویندا گرفتی گەورەی هاوڵاتیانە، بە تایبەت کاتێک پلەکانی گەرما دەچێتە سەروو 33.5 لە رووی تەندروستییەوە کاریگەری لەسەر جەستە هەیە و بۆ هەندێک مەترسیدارە.
دەربارەی ئەو کەسانەی کە مەترسی گەرمایان لەسەرە پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکی هەناوی د. زانیار ئاغال تایبەت بە 964 وتی، “بێگومان گەرما مەترسی لەسەر هەمووان هەیە، بە تایبەت کاتێک گەرمایەکی بەهێز روومان تێدەکات، بەڵام منداڵی یەک بۆ دوو ساڵ و بەساڵاچووان و نەخۆشانی دەروونی مەترسی زیاتریان لەسەرە”
د. زانیار ئاغال هۆکاری مەترسی گەرمای لەسەر ئەم کەسانە گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە لەو دوو تەمەنەدا، منداڵ و بەساڵاچووان سیستمی هاوسەنگکردنی گەرمی لەشیان چالاک نییە و گەرما زیاتر کاریان تێدەکات.
هاوکات باسی لەوەش کرد، ئەو کەسانەی نەخۆشی دەروونیان هەیە کاتێک دەرمانی دەروونی بەکاردەهێنن، ئەو دەرمانانە پلەی گەرمیی لەشیان دەگۆڕێت و ئەگەر بەر گەرمای دەرەوەش بکەون، بێگومان کاریگەریی زیاتری دەبێت.
جگە لەو کەسانە، ئەو پزیشكە ئاماژەی دا بەوەی ئەو کەسانەی نەخۆشی سستیی دڵ و بەرزەپەستانی خوێنیان هەیە و دەرمانی میزپێکەر بەکاردەهێنن، بەهەمان شێوە “گەرما مەترسی لەسەریان هەیە، دەشڵێت “نابێت لە بەردەم گەرما یان تیشکی خۆر وەرزش بکرێت بەبێ ئاو خواردنەوە.