دەستکرا بە دابەشکردنی موچەی مامۆستایانی وانەبێژ

964+

فەرمان سادق

بانکی هەرێم نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژیان لە دابەشکردنی موچەی مانگی حوزەیران ئاگادار کردەوە و هەر پەروەردەیەک لیستەکەی ئامادەیە دەتوانێت وەری بگرێت.

مامۆستا کارۆخ عەبدوڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە 964ـی وت، بەڕێوەبەری بانکی هەرێم لە گەیشتنی موچەی مانگی حوزەیرانی مامۆستایانی گرێبەست ئاگاداری کردینەوە، بۆیە هەر پەروەردەیەک لیستی موچەی ئامادەیە دەتوانێت کاتژمێر 11ـی ئەمڕۆ سەردانی بانکی پەیوەنداری خۆی بکات بۆ وەرگرتنی موچەی مامۆستایانی گرێبەست.

وتیشی “ئەوەیشی لیستەکەی ئامادە نییە، ئەوا یەکشەممەی داهاتوو دەتوانێت سەردانی بانک بکات”.

ژمارەی مامۆستایانی گرێبەست لە کوردستان 34 هەزار 535 مامۆستایە و هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس موچەکانیان لەنێوان 350 بۆ 400 هەزارە و دبلۆمیش 350 هەزار دینارە.

کۆی گشتی موچەی مامۆستایانی وانەبێژ لە یەک مانگدا، 13 ملیار و 200 ملیۆن دینارە.