ئاریان جەوهەر کێشە دەخاتە نێوان زاخۆ و سیروانی نوێ

964+

هێژا خەسرەو – هەولێر

یاریزان ئاریان جەوهەر، پەیوەندی بە یانەی زاخۆ کردووە و سیروانی نوێش مافی دەستبەرداربوونی پێ نادات. یاریزانەکەش دەڵێت، ئەوە کێشەی هەموومانە.

بۆ وەرزی نوێی خولی پلە نایابی عێراق، یاریزان ئاریان جەوهەر، ناوەڕاستکاری یانەی سیروانی نوێ پەیوەندی بە یانەی زاخۆ کردووە و دەیەوێت لە وەرزی 2023-2024 بە درێسی ئەو یانەیە یاری بکات.

ئاریان جەوهەر، دوای بەشداریکردنی لەگەڵ هەڵبژاردەی سلێمانی لە خولی کۆماری، نەگەڕاوەتەوە یانەکەی و پەیوەندی بە یانەی زاخۆ کردووە، بەڵام هێشتا یانەی سیروانی نوێ، مافی دەستبەرداربوونی پێنەداوە.

ئاریان جەوهەر، بە 964ـی وت، ئەمە تەنیا کێشەی من نییە، بەڵکو یانەی سیروانی نوێ گرفت دروستدەکات لە پێدانی مافی دەستبەرداربوون بە یاریزانەکانی.

دەشڵێت: هیوادارم یانەکان بەرژەوەندی یاریزانەکان لەبەرچاو بگرن لەکاتی داوای وەرگرتنەوەی مافی دەستبەرداربوون.

گرێبەستی ئەو یاریزانە لاوە لەگەڵ یانەی زاخۆ بۆ ماوەی ساڵێکە و بڕیارە تەنیا لە خولی پیشەگەرەکانی عێڕاق یاری بکات.

ئاریان جەوهەر، کە وەرزی رابردوو لە خولی نایابی کوردستان بۆ یانەی سیروانی نوێ یاری کردووە، داوا لە یانەکەی دەکات دەستبەرداری ببێت بۆ ئەوەی دەرفەتی یاریکردنی لە خولی نایابی عێراق لەگەڵ یانەی زاخۆ هەبێت.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق