یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی دانیشتووانی کفری جێبەجێ کرا

+964
میلاد جەلال-گەرمیان

ئەمڕۆ چوار شەممە پرۆژەی لێدانی 5 بیری قوڵ، لەگەڵ دروستکردنی بینا و ژووری پاسەوان و کلۆر لە قەزای کفری بە بڕی نزیکەی 389 ملیۆن دینار دەستیپێکرد.
بیرەکان بە قوڵیی نزیکەی 150 مەتر لە گەڕەکەکانی شارەوانی، شەھیدان، راپەڕین، ئەوبەری و لەتیف ھەڵمەت لێدەدرێن.
حەمید رەشید بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی کفری بە964ى وت، “گرێبەست لەگەڵ سێ ئۆتۆمبێلی بیرھەڵکەن کراوە، ئەمڕۆ دووانیان ھاتوونەتە قەزاکە و دەستیان بە ھەڵکەندنی بیرەکان کردووە، لەم رۆژانەدا ئۆتۆمبێلەکەی دیکەش دێت”.

ئاماژەی بەوەش کرد، بە تەواوبوونی ھەڵکەندنی ئەم پێنج بیرە، کێشەی کەمئاوی لە قەزای کفری بە رێژەیەکی زۆرباش چارەسەر دەبێت، بڕیارە لە ماوەی 170 رۆژدا تەواو بکرێن.

ھاوڵاتیانی قەزای کفری لە دژی کەمیی خزمەتگوزاری لە قەزاکەیان، ماوەی 32 رۆژ ھاتنە سەرشەقام، دواتر کۆمەڵێک بەڵێنیان پێدرا، کە ھەڵکەندنی پێنج بیری ئاوی خواردنەوە یەکێک بوو لەو بەڵێنانە و ئەمڕۆ کەوتە باری جێبەجێکردن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا