سه‌رۆكی یانه‌ی شه‌قڵاوه هێرش ده‌كاته سه‌ر سه‌رۆك یانه‌كان
+964
هێژا خەسرەو ـ هەولێر
سه‌رۆكی یانه‌ی شه‌قڵاوه ره‌خنه‌ی توند له سه‌رۆك یانه هاوتاكانی ده‌گرێت له كوردستان و ده‌ڵێت، ئه‌وان خۆیان راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ یاریزانان قسه ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بیانبه‌نه یانه‌كانیان، به وته‌ی ئه‌و ” سەرۆکی یانە سەنگی خۆی هەیە و نابێت ئەم کارە بکات”.
ماوەی چەند رۆژێکە بەشێک لە یاریزانانی شەقڵاوە کە ریزی خولی نایابی کوردستاندا یاریی دەکات، یانەکەیان جێهێشتووە و کارگێڕیی یانەکەش لەسەر داوای خۆیان مافی دەستبەرداربوونیان پێداون، 964 پەیوەندی بە سەرۆکی یانەکە کرد و ئەویش روونکردنەوەی دا.
عوسمان خۆشناو، سەرۆکی یانەی شەقڵاوە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە 964ـی وت: “راستە بەشێکی یاریزانانمان یانەکەیان جێهێشتووە، بەڵام لەسەر داوای خۆیان بووە، ئێمه رێگریان نەبووین، هەندێک هەواڵیش لە چەند سایت و کەناڵێک و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، هەمووی دوورن لە راستییەوە”.
عوسمان زیاتر وتی: تا ئێستا فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان وادەی دەستپێکردنەوەی خولی نایابی دیاریی نەکردووە، ئێمەش ناچارین جارێ دەست بە مەشق و ئامادەکارییەکان نەکەینەوە، با ئەوان کاتی خول رابگەیەنن، ئێمە ئامادەکارییەکان دەستپێدەکەین و بەدڵنیاییەوە پلانی خۆمان هەیە و ئەوکات ئامانجی خۆمان دیاریی دەکەین.
خۆشناو دەڵێت: ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە کە ئێمە بەشداری خولی نایابی کوردستان ناکەین، کێشەکەی ئێمە ئەوەیە، من لەسەر ئەرکی خۆم ئەم یانەیە بەڕێوەدەبەم و هاوکاریمان کەمە، وەك یانەکانی دیکە خاوەنی ژێرخان نین.
گلەیی لە سەرۆکی یانەکانی دیکەش کرد و ده‌ڵێت: بە داخەوە سەرۆکی چەند یانەیەک خۆیان قسە لەگەڵ یاریزانان دەکەن و بە قسەی بریقەدار دەیانگوازنەوە بۆ یانەکانیان، ئەمە کاری ئەوان نییە و لە یانەدا هەریەکە و خاوەن بەرپرسیارییەتییەکە و سەرۆکی یانەش سەنگی خۆی هەیە و نابێت ئەم کارە بکات.
یانه‌ی شه‌قڵاوه وه‌رزی رابردوو له خولی نایابی كوردستاندا پله‌ی چواره‌می ریزبه‌ندی به‌ده‌ستهێنا، كه باشترین ئه‌نجام بوو بۆ یانه‌كه له مێژووی به‌شدارییه‌كانی له خولی نایابی كوردستاندا.
پێداچوونه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا