قایمقامی قەزای قوشتەپە هەڵدەبژێردرێت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

سبەی چوارشەممە، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کۆدەبێتە و قایمقامی قەزای قوشتەپە هەڵدەبژێرێت، ئەندامێکی ئەنجوومەنیش دەڵێت، تاوەکو ئێستا یەک بەربژێر بۆ ئەو پۆستە هەیە.

ئەمڕۆ سێشەممە 15.8.2023، غازی عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە 964ـی راگەیاند، بەربژێرەکە لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە پێشنیازکراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی قایمقامی قەزای قوشتەپە و 48 کاتژمێر پێش کۆبوونەوە سیڤییەکەیان بەدەستگەیشتووە.

بژار خزر عومەر، تاکە بەربژێری پۆستەکەیە و پێشتر بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە بووە.

“سبەی چوارشەممە بە ئامادەبوونی بەربژێر، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر قایمقامی قوشتەپە هەڵدەبژێرێت و بۆ ئەوەی بەربژێر ئەو پۆستە وەربگرێت پێویستە دەنگی 50 زاید یەکی ئەندامان بەدەستبهێنێت”، غازی عەلی وای وت.

لە رێکەوتی 22.5.2023، بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ناحیەی قوشتەپە لە پارێزگای هەولێر كرا بە قەزا.

قوشتەپە سەر بە پارێزگای هەولێرە و ژمارەی دانیشتووانەکەی 22 هەزار و 850 کەسن، 59 گوندی هەیە. شارەدێی قوشتەپە تێکەڵە لە دەشت و گرد، دەکەوێتە نێوان زنجیرە گردی زۆرگە زراو و زورگەکانی دێدەوان، زێی بچوک بە باشووری شارەدێیەکە تێدەپەڕێت، قوشتەپە 22 کیلۆمەتر لە هەولێر دوورە.