500 دۆنم زەوی سووتاوە

لە کۆیە ئەمڕۆ ئاگر باران بوو

964+

فەهمی نەبی

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەندین ئاگری گەورە، لەسنووری کۆیە کەوتەوە و بەهۆیەوە 500 دۆنم پووش و پاوانی ناوچەکە سووتان، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی کۆیە دەڵێت “ئەمڕۆ ئاگر باران بوو”.

گۆران ئەحمەد سماقە، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی کۆیە بۆ 964 وتی، لەسنووری ناحیەی ئاشتی لەسنووری دەشتی کۆیە ئاگرێک کەوتەوە بەهۆیەوە شەقامەکە داخرا، دوای کاتژمێرێک ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکرا و رێگەی هاتوچۆی تۆتۆمبێڵ کرایەوە.

گۆران ئەحمەد ئەوەشی وت، بەر لە کاتژمێر 10:00ی بەیانی ئەمڕۆ ئاگرێک لە زەوییە سپی نزیک بارەگای حزبی دیموکرات کەوتەوە، بەهۆی هەبوونی با ئاگرەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو، دوای سێ کاتژمێر ئینجا توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.

ئاگرەکە سنووری چەند گوندی گرتووەتەوە، بەڵام چەندین ئۆتۆمبێڵ و ماڵ و مۆلیدە لە سوتان رزگارکران، ئەمەش بەوتەی گۆران ئەحمەد سماقە.

بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی کۆیە دەڵێت، لەئەنجامی فشاری زۆر دوو ئۆتۆمبێڵی ئاگر کوژێنەوەمان لەکارکەوت.