850 بەڵێندەر مایەپووچ بوون
بەڵێندەرانی سلێمانی: پارەکانمان لە بانکدا دەستیبەسەردا گیراوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لە ماوەی نۆ ساڵی رابردوودا نزیکەی 850 بەڵێندەر مایەپووچ بوون و بەشێکیشیان پارەکانیان لە بانکدا دەستیبەسەردا گیراوە و بۆیان نییە رایبکێشن.
ئەمڕۆ دووشەممە 14.8.2023، محەمەد عەتا جێگری سەرۆکی لقی سلێمانیی یەکێتیی بەڵێندەرانی هەرێمی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، بەهۆی دانانی باج و خەرجنەکردنی چەکی بانکییەوە، نزیکەی 850 بەڵێندەر مایەپووچ بوون و نزیکەی سێ هەزار پرۆژە لە سلێمانی، کە لەلایەن بەڵێندەرانەوە خاوەندارێتی دەکرێن، وەستاون و تا ئێستا پارەیان بۆ دابین نەکراوە.
“ئەو کۆمپانیایانەشی کە بڕێک هەناسەیان تێدا ماوە پارەکەیان لە بانک دەستیبەسەردا گیراوە و بۆیان نییە دەستکاری بکەن”، محەمەد عەتا وای وت.
بە وتەی جێگری سەرۆکی بەڵێندەرانی سلێمانی، رێکارەکانی راکێشانی پارە بۆ بەڵێندەران هێندە تووندکراون، زۆربەی بەڵێندەرەکان دەڵێن، “ئێمە ئەو حیساباتەمان پێناکرێت، پارەکە رانەکێشین باشترە”.
زۆربەی بەڵێندەرانی سنووری پارێزگای سلێمانی قەرزاربوون و زەرەرێکی زۆریان کردووە و نە ماڵ و نە خانویان نەماوە، محەمەد عەتا وای وت.
لقی سلێمانی یەکێتیی بەڵێندەران تا ئێستا هەزار و 280 کۆمپانیای تۆمارکردووە، لەو رێژەیەش 5٪ـی کۆمپانیاکان بیانین.