تا ئێستا 3,398 خێزان فۆڕمی وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوونیان پڕکردووەتەوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لە ماوەی پینج رۆژی رابردوودا، سێ هەزار و 398 خێزان فۆڕمی وەرگرتنی یەکەکانی کەمدەرامەتان و کرێنشینانیان پڕکردووەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 13.8.2023، مەریوان حەسەن، وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە 964ـی راگەیاند، ئێستا لە ماڵپەڕی پڕکردنەوەی فۆڕمی وەرگرتنی یەکەکان، ناوتۆمارکردن نەماوە، چونکە هاوڵاتیان هەڵەیان دەکرد و تەنیا ناویان تۆمار دەکرد و فۆڕمەکەیان پڕنەدەکردەوە.
رۆژی هەینی 11.8.2023، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لینکێکی نوێی بۆ فۆڕمی 9000 یەکەی نیشتەجێبوون بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ماڵپەڕە کۆنەکەدا زیاتر لە 26 هەزار کەس ناویان بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون تۆمار کردووە و لەو ژمارەیە تەنیا دوو هەزار و 79 کەسیان فۆڕمەکەیان بە تەواوەتی پڕکردووەتەوە.
“تا ئێستا، سێ هەزار و 398 خێزان فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە و ئێستا خۆتۆمارکردن نەماوە، بۆ ئەوەی هاوڵاتیان هەڵە نەکەن لە پڕکردنەوە”، ئەوە قسەی مەریوان حەسەنە بۆ 964.
لە ریکەوتی 8.10.2023، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لینکی فۆڕمی دابەشکردنی 9000 یەکەی نیشتەجێبوونی کارا کرد.