60 دادوەر و ئەندامی داواکاری گشتی نوێ دادەمەزرێن

+964

هاوبەش ئەبوبەکر

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی هەرێم، واده‌ی سوێندخواردن و ده‌ستبه‌كاربوونی ئەو دادوه‌ر و ئه‌ندامانە نوێیانەی داواكاری گشتی ده‌ستنیشان كرد، کە بەشداریان لە خولی چواره‌می په‌یمانگه‌ی دادوه‌ری کردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 13.8.2023، ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، لە فەیسبوک رایگەیاند، رۆژی 27.8.2023ـی دیاریی کردووە وەک وادەی سوێندخواردنی 60 دادوه‌ر و ئه‌ندامی داواكاری گشتی لە بەردەم سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری.

لە ناو ئەو کەسانەی سوێند دەخۆن، 45ـیان دادوەرن و 15 کەسی دیکەشیان وەک جێگری داواکاری گشتی دادەمەزرێن.

ئەو دادوه‌ر و ئه‌ندامە نوێیانەی داواكاری گشتی، به‌ فه‌رمانێكی هه‌رێمی، بڕیاری دامه‌زراندنیان ده‌رچووه‌ و دوای ته‌واوبوونی رێوره‌سمی سوێندخواردنیان له‌ دادگا جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌كار ده‌بن.

“بڕیاری دامه‌زراندنی ئه‌و دادوه‌ر و ئه‌ندامانەی داواكاری گشتی، دوای ده‌رچوونیان له‌ خولی چواره‌می په‌یمانگه‌ی دادوه‌ری دێت كه‌ ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا دوای ته‌واوكردنی دوو ساڵ خوێندن له‌و په‌یمانگه‌یه‌دا، به‌ فه‌رمانێكی هه‌رێمی بڕیاری دامه‌زراندنیان ده‌رچووه‌”، ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان وا دەڵێت.