باوکێکی جگەرسووتاو؛ دوو کوڕی 18 ساڵی لەناو یاریگەدا گیانیان لەدەستداوە

964+
زەید کۆچەر

محەمەد فەخرۆ ئەو باوکەیە کە شەوی 10ـی ئابی 2023 کوڕێکی تەمەن 18 ساڵی بە ناوی ئازاد بەهۆی هەڵگەڕانەوەی زمانی لەناو ئەم یاریگەیەدا لە کۆمەڵگای چڕە سەر بە قەزای شێخان گیانی لەدەستدا.

ئازاد منداڵی بچوکی ناو خێزانێکی نۆ کەسی بوو.

بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، 15 ساڵ بەر لە ئێستاش، کوڕێکی 18 ساڵی دیکەی بە ناوی شەریف لەناو یاریگەی گوندەکەیان کەوتووە و گیانی لەدەستداوە.

هەر ئەوەندە نییە، باوکی گەنجەکە دەڵێت، خەریکە بۆی دەردەکەوێت ئەمە ویراسی بێت، چونکە دوو کوڕی خوشکێکیشی لە ساڵانی رابردوو کەوتوون بە زەویدا و کتوپڕ گیانیان لەدەستداوە.

هێشتا پزیشکی دادی دهۆک هۆکاری مردنەکەی بە فەرمی رانەگەیاندووە، بەڵام شایەتحاڵەکان بە منیان وت، دەمی ئازادیان کردووەتەوە و بینیویانە کە زمانی لە دەمدا نەماوە.

هەڵگەڕانەوەی زمان واتە خلیسکانی زمان بۆ بەشی پشتەوەی دەم، زمان دەکەوێتە ناو قوڕگەوە و ئەمەش وادەکات رێگەی هەناسەدان بگرێت و ئەگەر زوو بە زوو فریای نەکەون، ئەوا کەسەکە گیان لەدەست دەدات.