زیاتر لە 26 هەزار کەس ناویان بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون تۆمار کردووە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا، 26 هەزار و 499 کەس بە شێوەی ئۆنلاین ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ ئەوەی سوودمەند بن لە وەرگرتنی نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون کە بۆ کەمدەرامەتان و کرێنشینان دروستکراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10.8.2023، مەریوان حەسەن، وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە 964ـی راگەیاند، لۆدێکی زۆر لەسەر ئەو وێبسایتەیە کە لە رێگەیەوە فۆڕمە ئەلیکترۆنییەکە پڕدەکرێتەوە و “هەندێک جار، لە یەک کاتدا هەزاران کەس پێکەوە سەردانی دەکەن”.
لە کۆی ئەو 26 هەزار و 499 کەسەی ناویان تۆمار کردووە، تەنیا دوو هەزار و 79 کەسیان فۆڕمەکەیان بە تەواوەتی پڕکردووەتەوە، 24 هەزار و 420 کەسەکەی دیکە تەنیا ناویان تۆمار کردووە.
“خەڵکێکی زۆر بەس خۆیان تۆمار کردووە، بەبێ ئەوەی فۆڕمەکە پڕبکەنەوە، خۆتۆمار کردن ئەوە ناگەیەنێت کە فۆڕمەکەت پڕکردووەتەوە”، مەریوان حەسەن وای وت.
وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە داوادەکات، بەر لە پڕکردنەوەی فۆڕمەکە، خەڵک لەپێشدا سەیری ئەو ڤیدیۆیە بکەن کە لە پەیجی فەیسبوکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دانراوە، چونکە “ئەو ڤیدیۆیە پێتدەڵێت چیت پێویستە لەکاتی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە”.
لە ریکەوتی 8.10.2023، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لینکی فۆڕمی دابەشکردنی 9000 یەکەی نیشتەجێبوونی کارا کرد.