وەزارەتی پەروەردە بڕیارێک لە بەرژەوەندی مامۆستای وانەبێژ دەدات
964+
فەرمان سادق
لەمەولا هیچ بەڕێوەبەرێک بۆی نییە بە مامۆستای وانەبێژ بڵێت، کارت تەواو بووە، بەڵکو دەبێت وەزارەتی پەروەردەی لێ ئاگادار بکاتەوە.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە کەمێک پێش ئێستا لە کەناڵی تەلەگرامی خۆی، نووسراوێکی وەزارەتەکەی بڵاوکردەوە کە ئاراستەی ناوەندەکانی پەروەردەی شارەکانی کوردستانی کردووە بە پارێزگای کەرکوکەوەش.
نووسراوەکە بە ژمارە (17178) لە 9.8.2023 ئاراستەی وەزیری پەروەردە کراوە و ئەمڕۆ واژۆی کردووە.
بە دیاریکراوی ناوەرۆکی نووسراوەکە ئەوەیە کە داوا لە بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان دەکات لەکاتی دابەشکردنی بەشە وانەکان ئەگر هیچ وانەیەک بەر مامۆستای وانەبێژ نەکەوت، ئەوا پێیان مەڵێن “کارتان تەواو بووە”.
ئالان حەمەسەعید، داواش لە بەڕێوەبەری قوتابخانەکان دەکات کە بە لیستێکی نووسراو ناوەکان و تەفاسیلی بڕوانامە و ساڵانی خزمەتی رەوان بکەن بۆ پەروەردەکانی خۆتان و ئەوانیش بە لیستێک بۆ وەزارەتیان دەنێرن و لەو شوێنانەی کە فەراغ هەیە سوودیان لێ دەبینین.
وەزیری پەروەردە، ئەوە بە بیر دەهێنێتەوە کە بۆ ئەمساڵ ژمارەیەک مامۆستا وەک راهێنەر و سەرپەرشتیاری نوێ دەستبەکار دەبن و لەگەڵ ئەوانیش بەشێکی دیکە مۆڵەتی خوێندن، دایکایەتی و چاودێری کۆمەڵایەتیان پێدراوە، بۆیە دەکرێت سوودیان لێوەربگیرێت.