بەهۆی سه‌رى ساڵەوە گەشتی عومره‌ گران کرا

عومرەی VIPـت کردووە!

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

لەگەڵ ئەوەی گەشتی عومرەی VIP لەڕووی نرخەوە گرانترە، ئەوا بۆنەکانی سەری ساڵیش جارێکی دیکە نرخەکەیان گرانتر کردووە. بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرەش دەڵێ؛ گران بوونەکە پەیوەندی بە ئێمەوە نیە.

بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عەمرەی وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف، ئاماژه‌ به‌ تێچووى پاره‌ى عه‌مره‌كردنى ئه‌مساڵ ده‌كات و ده‌ڵێ “به‌هۆی سه‌رى ساڵه‌وه‌ تێچوونه‌كه‌ى زیاد بووه‌” باس له‌ عه‌مره‌ى VIPیش ده‌كات و ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ وه‌ك باج چه‌ند بڕه‌پاره‌ له‌ عه‌مره‌كاران وه‌رده‌گیرێ.

شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان بە +964 راگەیاند ” له‌م مانگه‌دا خەڵکێکی زۆر له‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ سه‌ردانى وڵاتى سعودیا ده‌كه‌ن بۆ عه‌مره‌ كردن و گه‌شته‌كه‌شیان تا 3ی كانوونى دووه‌م ده‌خایه‌نى، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ تێچوى ئه‌و سه‌فه‌ره‌یان زیاد بكات”.

 هۆكارى ئه‌و زیادبوونه‌وه‌ش وه‌ك ئاماژه‌ى پێده‌كات بۆنه‌كانى سه‌رى ساڵه‌، چونكه‌ ده‌ڵێ “له‌به‌ر ئه‌م بۆنانه‌ تیكتى فڕۆكه‌و كرێى وتێل زیاد ده‌كه‌ن، دواى سه‌رى ساڵى نرخه‌كان ئاسایی ده‌بێته‌وه‌”.

له‌باره‌ى گرانبوونى نرخه‌كانیش ناوبراو ئه‌وه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ هۆكاره‌كه‌ى ئه‌و كۆمپانیایانه‌ بن كه‌ تایبه‌تن به‌ حه‌ج و عه‌مره‌، دةڵێ “عه‌مره‌كاران له‌رێگه‌ى كۆمپانیاكانه‌وه‌ ناوى خۆیان تۆمار ده‌كه‌ن، ئێمه‌ به‌وه‌ ئاگادارین، به‌ڵام ئه‌وان نین كه‌ بوبنه‌ هۆكارى زیادبوونى تێچوى عه‌مره‌كردن ، به‌ڵكو زیادبوونى ئه‌و تێچووه‌ هه‌مووى له‌ سعودیایه‌ ، بۆ نموونه‌ نرخى وتێل له‌وێ گران ده‌بێ، تیكتى فڕۆكه‌ لانیكه‌م دووسه‌د دۆلارى ده‌چێته‌ سه‌ر”.

شێخ نیاز باس له‌ عه‌مره‌ى VIP یش ده‌كات، ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌یان په‌یوه‌ندی به‌ كوالێتى سه‌فه‌ر و مانه‌وه‌ى ئه‌و كه‌سه‌ هه‌یه‌ ، ده‌شڵێ “بۆنموونه‌ له‌ خواردن و مانه‌وه‌و چوون بۆ بورجی سعات مانه‌وه‌ى له‌هه‌ردوو شاری مه‌ككه‌و مه‌دینه‌ ، واتا هه‌موو كارئاسانییه‌كى بۆ ده‌كرێ و كاره‌كانیان بۆ خێراتر ده‌كرێ، هه‌مووى به‌ كوالیَتى باش”.

ده‌شڵێ “نرخی عه‌مره‌كردنى VIP جۆراوجۆره‌، هه‌یانه‌ بیست وه‌ره‌قه‌و هه‌ششیانه‌ له‌وه‌ كه‌متره‌” .

له‌باره‌ى وه‌رگرتنى باج له‌ عه‌مره‌كاران، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ داهاتێكی فیدڕاڵى له‌هه‌موو عێراقدا هه‌یه‌ بۆ ته‌واوى ئه‌و كه‌سانه‌ى حه‌ج و عه‌مره‌ ده‌كه‌ن ، وتیشی “هه‌ر عه‌مره‌كارێك له‌عێراق ده‌رده‌چێت پێویسته‌ وه‌ك باج و ره‌سومات بڕی ٥٠ دۆلار بدات ، له‌و بڕه‌ش ٢٥ دۆلار بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى حه‌ج و عه‌مره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و ٢٥ دۆلاره‌كه‌ى تریش بۆ ده‌سته‌ى باڵاى حه‌ج و عه‌مره‌ى عێراقی ده‌بێت”.