ئەم هەفتەیە عێراق و هەرێم دەگەنە پلەی نیمچە کوڵان

964+

فەهمی نەبی

دەزگای کەشناسی عێراق و هەرێم هۆشداری دەدەن، لە رۆژی هەینیەوە بارستە هەوایەکی گەرم روو لە ناوچەکە دەکەن، لەهەندێک پارێزگا دەگاتە 52 پلەی سیلیزی.

ئەمڕۆ بەشی پێشبینی کەشناسی هەرێم رایگەیاند پلەکانی گەرما زیاتر بەرزتر دەبنەوە، بەپێی پێشبینییەکان رۆژی پێنجشەممە و هەینی پلەی گەرمی لە شارەکانی هەرێم دوو تا سێ پلەی دیکە بەرز دەبنەوە، لە هەندێ شاری گەرمیان تا پلەی 51 تێدەپەڕێت، بەڵام ئەمڕۆ چوارشەممە لە گەرمیان 51 پلە تۆمارکراوە.

دەزگای کەشناسی حکومەتی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردووەتەوە، لە بەشێک پارێزگاکانی عێراق لە رۆژی پێنجشەممەوە پلەکانی گەرما لە بەغدا، نەجەف،دیوانیە، ناسرییە و موسەنا دەگاتە 52 پلەی سیلیزی و بەمجۆرەش دەگاتە پلەی نیمچە کوڵان.

شارەزایانی کەشناسی هۆکاری بەرزبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما بۆ هاتنی گەرمای وەرزی هاوکات هاتنی بارستە هەوای گەرمی و بەرزبوونەوەی شێ دەگەڕێننەوە.

سەرچاوە تەندروستییەکان رێنماییان ئەوەیە، لە دۆخی گەرمی ئاوا بەرز باشترە نەچنە دەرەوە و شلەمەنییەکان زۆر بخۆنەوە.