لە دوو دەروازەوە بایی 126 ملیۆن دۆلار کاڵای ئێرانی هاتووەتە هەرێم
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
بەهای ئەو کەلوپەلانەی کە لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا لە رێگەی هەردوو دەروازەی سنووری شێخ سڵە و شووشمێ هەناردەی هەرێمی کوردستان کراون، 126 ملیۆن دۆلارە، ئیدارەی چاودێریی گومرکەکانی پارێزگای کرماشان وا دەڵێت.
لە ماوەی ئەو چوار مانگەدا لە سنووری شێخ سڵەوە زیاتر لە 214 هەزار و 335 تۆن کەلوپەل بە بەهای زیاتر لە 112 ملیۆن و 30 هەزار دۆلار هەناردە کراوە.
لە رووی کێشەوە، رێژەکە لە دەروازی شێخ سڵە بەراورد بە ساڵی رابردوو 26٪ و لە رووی نرخیشەوە 18٪ زیادیکردووە.
بەهای کەلوپەلە هاوردەکراوەکانی دەروازەی سنووری شووشمێ زیاتر لە 14 ملیۆن و 621 هەزار دۆلارە و کێشەکەی زیاترە لە 121 هەزار و 700 تۆن، کە ئەمەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو لە رووی کێشەوە 6٪ دابەزیوە و لە رووی نرخیشەوە 3٪ زیادیکردووە.
زۆرترین ئەو شمەکانەی لەو دەروازە سنوورییانەوە هەناردەی هەرێمی کوردستان کراون، بریتین لە بەرد، کاشی، سیرامیک، ئاسن، گێچ، بەرهەمە پلاستیکییەکان، شووشە، سەوزە و میوە، ئەو بەرپرسەی پارێزگای کرماشان وا دەڵێت.