دۆشاوی تەماتەی هەریر رکابەری تورکی و ئێرانی دەکات

964+

فەرمان سادق

دۆشاوی تەماتەی هەریر رۆژانە سەرووی 30 تۆن بەرهەمدەهێنێت و تەماتەی هەموو کوردستان وەردەگرێت. بەڕێوەبەرەکەشی دەڵێت، بەرهەممان بۆ هەموو عێراق دەچێت.

کارگەی قوتوبەندی هەریر، یەکێکە لەو کارگانەی دەکەوێتە سنووری قەزای هەریر و جگە لە دۆشاوی تەماتە ئەوا توانای بەرهەمهێنانی ئاوی چەندانجۆر میوەی هەیە.

کارگەکە لە توانایدا هەیە رۆژانە 80 تۆن دۆشاوی تەماتە بەرهەم بهێنێت، بەڵام وەک بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، لە ئێستادا 30 بۆ 35 تۆن بەگوێرەی پێویستی بازاڕ دۆشاوی تەماتە بەرهەم دەهێنێت.

شوان حەمید باتاسی، بەڕێوەبەری کارگەکە بە 964ـی وت، بێ جیاوازی تەماتەی هەموو جوتیارانی ناوچەکانی کوردستان وەردەگرین و ساڵانە سێ بۆ چوار هەزار تۆن تەماتە وەردەگرین، تەنانەت لە سەرەتای پێگەیشتنی تەماتەی ناوچە عەرەبییەکانی عێراقیش وەردەگرین.

دەشڵێت: بەڵام تەماتەی کوردستان سوودی ئابووری نییە، چونکە لە حەوت بۆ هەشت کیلۆ تەماتە یەک کیلۆ دۆشاوی تەماتەی لێوە بەرهەم دێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هەوڵمانداوە تەماتەی جوتیاران وەربگرین و بەمەش بەشێوەیەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەرفەتی کارمان بۆ سێ بۆ چوار هەزار کەس رەخساندووە.

964 دەزانێت، 90 کەس لە کارگەکەدا کار دەکات، بەڵام لە جوتیارەوە بگرە تاوەکو شوفێری پیکاب سوومەندە لە کارگەکە.

دۆشاوی تەماتەی هەریر بە قسەی بەڕێوەبەری کارگەکە بێت، لە هەموو شارەکانی کوردستان تاوەکو بەسرە بەردەستە، دەشڵێت: لە سلێمانیش ئۆفیسیان داناوە بەڵام هێشتا بە فەرمی نەکراوەتەوە.

شوان حەمید باتاسی، باس لەوەش دەکات کە لە رووی کوالێتییەوە دەتوانن رکابەری دۆشاوی تەماتەی تورکیش بکەن و زۆریش لە ئێرانییەکە باشترە.

وتیشی “کێشەمان لە رووی نرخەوە لەگەڵ دۆشاوی تەماتەی ئێرانی هەیە، هی ئەوان لە ئێمە هەرزانترە و پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی گومرگی زیاتر پشتگیری بەرهەمی ناوخۆ بکات”.

هاوکات باسی لە گفتوگۆکانی خۆیان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق و کوردستان کرد کە دۆشاوی تەماتەی بەشە خۆراکی مانگانەی هاوڵاتیان دابین بکەن.

دەشڵێت: بەڵام وەزارەتی بازرگانی عێراق گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەک کردووە و ئەویش دۆشاوی تەماتە لە وڵاتی چین دەهێنێت.

زیاتر وتیشی “لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی کوردستان قسەمان کردووە کە لایەنی کەم ئێمە دۆشاوی تەماتەی بەشە خۆراکی کوردستان دابین بکەین”.