ورچێک گەشتی فڕۆکەیەکی عێراقی دواخست
964+
فەهمی نەبی
ئەمڕۆ هەینی گرتە ڤیدیۆیەک تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تەنی، هاوڵاتییەکی عێراقی لەنێو فڕۆکەیەک قسە دەکات و دەڵێت، “بەهۆی بەڕەڵا بوونی ورچێک گەشتی فڕۆکەکەمان سەعاتێکە دوا کەوتووە”، هێڵی ئاسمانی عێراقی لەو بارەیەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
هێڵی ئاسمانی عێراقی لەروونکردنەوە دەڵێن، “کارگێڕی کۆمپانیا داوای لێبوردن لەو هاوڵاتیانە دەکات کە لە گەشتی ئەمڕۆی فڕۆکەخانەی دوبەی بۆ فڕۆکەخانەی بەغدا دواکەوتوون، دواکەوتنی گەشتەکە لەپێناو سەلامەتی سەرنشینان بووە”.
لەبەشێکی دیکەی روونکردنەوەکە هاتووە، “ئەو ورچە لەنێو قەفەسێک بوو، لەژووری کارگۆی فڕۆکەکە، ئەمەش بەپێی ئەو رێککەوتنە جیهانییەی هەیە بۆ گواستنەوەی ئاژەڵ بەناوی Cites تایبەت بە پاراستنی ئاژەڵ Animal Crate کە پەسندکراوە لەلایەن IATA، بەڵام ئەو ورچە لە قەفەسەکە هاتووەتە دەرەوە”.
بەپێی راگەیەنراوەکەی هێڵی ئاسمانی عێراقی، دوای ئەوەی پەیوەندی بە تیمی تایبەت بە بێ هۆشکردنی ئاژەڵ دەکەن لە ئیمارات، بەزوویی دێن و ورچەکە لە فڕۆکەکە دوور دەخەنەوە.