16 گوندی شینکایەتی شارباژێڕ داوای قیرتاوکردنی رێگاکەیان دەکەن

964+

پێشەوا محەمەد

16 گوندی شینکایەتی لە شارباژێڕ داوای قیرتاوکردنی رێگاکەیان دەکەن و دەڵێن زیاتر لە 10 ساڵە داوای دەکەن و بۆیان نەکراوە.

گوندەکانی شینکایەتی هەریەکە لە گەڵاڵە، قامیش، دڕی، ئاڵانقۆز، سەفرە، وڵاغلو، دەشتی تلێ، زەروون، بەربەرد، ئاوکورتێ و مەڕوێ و چەند دانەیەکی تر دەگرێتەوە.

رۆژی پێنجشەممە 3.8.2023 دانیشتوانی گوندی قامیش سەردانی قایمقامیەتی ماوەتیان کردبوو و داواکارییەکانیان پێگەیاندبوو.

ئەیوب محەمەد رازی، مەلای ئاینی گوندی قامیش بە 964ـی راگەیاند، زیاتر لە 10 ساڵە داواکاری قیرتاوکردنی رێگاکەیان گەیاندووەتە تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەڵام تا ئێستا بۆیان نەکراوە.

وتیشی، “بە قیرتاوکردنی ئەو رێگایە ئیدارەی راپەڕین و شارباژێڕ و سلێمانی بەیەکەوە دەبەسترێنەوە و کارئاسانییەکی زۆر بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان دەکرێت”.