ئاوارەکان کارتی دەنگدانیان دەگەڕێندرێتەوە موسڵ
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان داوا لە ئاوارەکان دەکات کارتی دەنگدانیان بگەڕێننەوە سەر پارێزگای نەینەوا ئەگەرنا مافی دەنگدانیان نابێت.
نووسینگەی قەزای بەردەڕەشی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن داوا لە ئاوارەکانی موسڵ دەکات کە لە سنووری قەزای بەردەڕەش نیشتەجێن، لەماوەی 10 رۆژدا سەرەدانیان بکەن بۆ ئەوەی ناوەکانیان بگەرێندرێتەوە سەر تۆماری هەڵبژاردن لە شاری موسڵ.
قەزای بەردەڕەش، سەر بە پارێزگای دهۆکە و 90 کیلۆمەتر لێیەوە دوورە و دەکەوێتە نێوان شاری موسڵ و قەزای ئاکرێ و تەنیا 45 کیلۆمەتر لە موسڵەوە دوورە.
نزیکی لە موسڵ، وایکردووە تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 10 ئاوارەی تێدا مابێتەوە و نەگەڕابنەوە سەر زێدی خۆیان لە پارێزگای موسڵ و لە رابردووشدا هەر لەو شارە دەنگیان داوە لە هەڵبژاردنەکان.
بەپێی ئەو لیستەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراقی بۆ ناوەندی تۆماری کۆمسیۆنی لە بەردەڕەش ناردووە، 10 هەزار و 818 دەنگدەری ئاوارەی موسڵ لە بەردەڕەش دەنگدەدەن.
شەهاب ئەحمەد عەزیز، بەڕێوبەری ناوەندی تۆماری کۆمسیۆنی بەردەڕەش بە 964ـی وت، لە سەرەتای ئەم مانگەوە ئاگادار کراینەوە کە دەبێت خێزانە ئاوارەکانی نێوان ساڵانی 2004 تاوەکو 2014 کە پسوولەی خۆراکیان موسڵە و کارتی دەنگدانیان دهۆکە، ئەوا دەبێت لە ماوەی 10 رۆژدا سەردانی ناوەندی تۆمار بکەن بۆ گواستنەوەی کارتی دەنگدانیان بۆ سەر کۆمسیۆنی موسڵ.
وتیشی “ماوەی 10 رۆژیان بۆ دانراوە و دیار نییە ماوەکە درێژ دەکرێتەوە یان نا، بەڵام ئەگەر نەیگەڕێننەوە ئەوا مافی دەنگدانیان لەسەر کۆمسیۆنی دهۆک نابێت”.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق